سەردێر

سەنتەری پێدانی ڤاكسین بۆ مامۆستایان لە سلێمانی دەكرێتەوە

خەڵك
ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین بۆ مامۆستایان بەڕێوە چوو، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەنتەرێكی پێدانی ڤاكسین تایبەت بە مامۆستایان لە پارێزگای سلێمانیش بكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لەپارێزگای هەولێر هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین بەمامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە دەستیپێكرد و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كردنەوەی سەنتەری وەرگرتنی ڤاكسین بۆ مامۆستایان هەنگاوێكی گرنگی كاركردنی بەیەكەوەیی نێوان هەردو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكومەتی هەرێمە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و جێبەجێكردنی رێنماییەكان پێش دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن.

هاوكات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند،، زۆرترین رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن مامۆستایانەوە لەسنوری پارێزگای دهۆك تۆماركراوە و تائێستاش 60 هەزار مامۆستا ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆماركردوە و 21 هەزار مامۆستاش ژەمی یەكەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە و نزیكەی 17 هەزار مامۆستا ژەمی دووەمیشیان وەرگرتووە.

وتیشی، مامۆستایان دەتوانن بە بێ‌ نۆرە ڤاكسین وەربگرن و داوا لەو مامۆستایانە دەكەین كە تاكو ئێستا ناوی خۆیان تۆمار نەكردووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین خۆیان ناونوس بكەن.