سەردێر

پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە 13 ماتۆڕسكیلیان دزیوە

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانیان ئەو دوو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد كە لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا ماتۆڕسكیلێك دەدزن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دوو تۆمەتبار ماتۆڕسكیلێك دەدزن لە گەڕەكێكی شاری سلێمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاسپارد كە بەدواداچوون بكەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران ، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نوسینگەی ڕزگاری ، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون توانیان زانیاری پێویست لەسەر تۆمەتباران بەدەست بخەن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو تۆمەتبارەكە بەناوەكانی ( ز. ع. ت ) لەدایكبووی ٢٠٠٠ و ( ر. ش. ص ) لەدایكبووی ٢٠٠٠ ، دەستگیر بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی كردووەتەوە، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا هەردوو تۆمەتبار لەبەردەم دادوەردا دانیان بە دزینی زیاتر لە ( ١٣ ) ماتۆڕسكیل لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانیدا ناوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.