سەردێر

كازمی: نابێت عیراق لەلایەن وڵاتی ترەوە فەرمانڕەوایی بكرێت

خەڵك

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئابی 2021، دانیشتنی ئاسایی خۆی بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختی لە سەركەوتنی بەستنی كۆنگرەی بەغدا بۆ هاوكاری و هاوبەشی كردەوە و ئاماژەشیدا كە بەستنی كۆنگرەكە لەئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئاماژە بەوەشدراوە، كازمی ڕاشیگەیاند: ئامانجمان تەنها گرنگیدانە بە بەرژوەندییەكانی عیراق، ئەمەش بەمانای ئەوە نییە بەرژەوەندییەكانمان لەسەر حسابی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی بێت، بەڵكو بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بێت.

كازمی وتیشی: پێویستە عیراق بەشێوەیەك بگەڕێتەوە كە شایستەی ناو و مێژووە گەورەكەی بێت، سووریشین لەسەر ئەوەی كە دەبێت عیراق دوور لەهەر دەستتێوەردانێك، دەسەڵاتی بەسەر ئاسایش و سەروەری و ئابوورییەكەیدا هەبێت، لەهەر بارودۆخێكیشدا بێت، نابێت عیراق لەلایەن وڵاتی ترەوە فەرمانڕەوایی بكرێت، هەروەها ناشبێت عیراق لەدەوروبەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكەی داببڕێنرێت، ئەوەش ئەو پرسانەیە كە كاری لەسەر دەكەین و دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە هاوكارییانە بەهێز بكەین كە لەسەر پرەنسیپی ڕێزگرتنی سەروەری دوو لایەنە بنیاتنراون.

مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەشداوە: نامۆ نییە ئەگەر كێبڕكێ لەنێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەكاندا هەبێت، بەڵام شەرم و نامۆیە كە ئەم كێبڕكێییە ببێتە مایەی لێدان لە عیراق و گەلەكەی.

ئاشكراشیكرد، بەهێزەوە هەنگاوی ڕاستمان ڕووەو بەگژاچوونەوەی گەندەڵی ناوە، سەركەوتنی گەورەمان لەم دۆسیەدا بەدەستهێناوە، سەرەڕای دەستتێوەردانە سیاسییەكان، لەكارنامەمان لە حكومەتدا دۆسیەی خزمەتگوزاری پشكی گرنگی بەردەكەوێت، ئەوەی بەڵێنمان دابوو جێبەجێی بكەین، جێبەجێی دەكەین.

كازمی ئەوەشی خستەڕوو، تەنها چەند هەفتەیەكی كەممان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا ماوەو هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كراوە، خوازیاری ئەوەین هاووڵاتیان بەشداری فراوان و كاریگەرییان هەبێت، هانی هاووڵاتیان دەدەین بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكەن.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕوونیشی كردەوە: بەردەوام كار لەسەر چالاككردنەوەی سندوقی نەوەكانی داهاتوو دەكەین، ئەوەش لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەڕۆڵە و نەوەكانمان، دەمانەوێت داهاتووییەك بۆ عیراق دەستەبەر بكەین كە دوور بێت لەپشت بەستن بە ئابووری كورتخایەن، سامانی نەوتی تا سەر نییە، چەندین وڵات دەستیان بەگەڕان كردووە بۆ دۆزینەوەی وزەی خاوێنی جێگرەوە.