سەردێر

تالیبان، ئازادیی و سەربەخۆیی ئەفغانستانی ڕاگەیاند

خەڵك-

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا وڵاتەكەمان ئازادە و سەربەخۆیی بەدەستهێناوەتەوە.

محەمەد نەعیم وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، دوایین سەربازی ئەمریكا فڕۆكەخانەی كابوڵی جێهێشت، ئەمەش ڕاگەیاندنی وەرچەرخانێكی گەورەیە لە شەڕی 20 ساڵی ئەمریكا، دوای داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریكاوە.

وتیشی”دوایین سەربازی بیانی خاكی ئەفغانستانی جێهێشتووە، ئێستا هەموو ئەفغانستان لەژێر دەستی بزووتنەوەی تاڵیباندایە و وڵاتەكەمان ئازادە و سەربەخۆیی بەدەستهێناوەتەوە، فڕۆكەخانەی كابوڵیش لەژێر كۆنتڕۆڵی تەواوی ئێمەدایە”.

شەوی ڕابردوو، ئەمریكا دوای 20 ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان كشانەوەی دواین هێزی سەربازی لەو وڵاتە ڕاگەیاند، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكاش ئاشكرایكرد، زیاتر لە 123.000 كەسیان لە ئەفغانستانەوە گواستوەتەوە و ئەمڕۆش دواین هێزی وڵاتەكەیان كشاندوەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو بزووتنەوەی تالیبان هۆشداریدایە ئەمریكا لە دوای 31ی ئەم مانگە نابێت هیچ هێزێكی ئەمریكی لە ئەفغانستان بمێنێتەوە.