سەردێر

بەرهەم ساڵح: هەڵبژاردنی ئایندە دەبێتە دەستپێكی راستەقینەی چاكسازی

خەڵك-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق جەختیكردەوە كە ناوچەكە پێویستی بە سیستەمێكی نوێ هەیە كە لەسەر بنەمای ئاسایشی هاوبەش و تەواوكاری ئابووری دابمەزرێت، چونكە 40 ساڵە ئەو سیستەمە تووشی دارووخان ھاتووە‌. راشیگەیاند عێراقێكی خاوەن سەروەری و سەقامگیریش پێویستی بە سیستەمێكی نوێ هەیە، هاوكات سەرۆك بەرهەم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پاك و بێگەردی و دادپەروەری هەڵبژاردنەكانی ئایندە دەبێت بكرێتە نەخشەڕێگایەك رووەو چاكسازی بنەڕەتی و گۆڕانكارییەكی راستەقینە، تاوەكو گەل جارێكی دیكە‌ متمانە بە سیستەمی سیاسی وڵات بكات و خواست و ئیرادەی دەنگدەریش لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە بێت.

سەرۆك بەرهەم لەمیانی كۆڕبەندی رافیدەین لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا كە ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و ئاڵینگاری گەورەشمان لەپێشن، كۆنگرەی بەغدا بۆ ھەماھەنگی و ھاوبەشی پەیامێكی كاریگەر بوو لەوەی عێراقی جاران كە مەڵبەندی ململانی و كێشمەكێشم بوو، بگۆڕین بە خاڵی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندی گەل و وڵاتانی ناوچەكە، هاوكات سەرۆك بەرهەم رۆڵ و كۆششی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەرزنرخاند لە بەستنی ئەو كۆنگرەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك كۆمار ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كۆنگرەكە وەڵامدەرەوەی گۆڕانكارییە گەورە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان بووە، لە كاتێكدا كێشە و ململانێكان لە هەڵكشاندان، ئەمەش‌ ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە لەو كێشمەكێشمەدا هیچ لایەك براوە نییە، بەڵكو هەموو لایەك زەرەرمەندن، سەرۆك كۆمار وتیشی كە بەلایەنی كەمەوه ماوەی ‌40 ساڵە لە جەنگی عێراق ئێرانەوە سیستەمی ناوچەكە تووشی دارووخان ھاتووە‌، لەو كاتەشەوە ناوچەكە بەدەست دابەشكاری و جەمسەرگیری دەناڵێنێت و لە كۆتایشدا ئەو ئاشتی و سەقامگیریەمان دەستنەكەوت كە بەدوایدا وێڵ بووین.

سەرۆك بەرهەم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ناوچەكە پێویستی زۆری بە سیستەمێكی نوێ‌ هەیە كە لەسەر بنەما و بەها هاوبەشەكانی نێوان گەل و وڵاتانی ناوچەكە دابمەزرێت و بەرژەوەندی هاوبەشەكانیشیان دەستەبەر بكات و بەیەكەوە بتوانن بەرەنگاری ئاڵینگارییەكانی ئەم سەردەمە ببنەوە كە بریتین لە تیرۆر و توندڕەووی و گۆرانكارییە ئابووری و تەنگژە جۆراوجۆرەكان كە هەڕەشە لە ئایندەی گەل و وڵاتانی ناوچەكە دەكەن، گرفتە گەورەكەش ئەوەیە كە سیستەمی ئابووری ناوچەكە دەستەوەستانە لەوەی هەلی كاری راستەقینە بۆ دانیشتوان بە گشتی و گەنج و لاوان بە تایبەتی دەستەبەر بكات كە بە بەردەوامی لە زیادبوون و گەشەسەندندان، ئەمە جگە لەوەی لێكەوتە مەترسیدارەكانی گۆڕانی كەشوهەواو بۆ سەر عێراق و وڵاتانی ناوچەكە لە هەڵكشاندایە.

سەرۆك كۆمار ئەوەشی خستەڕوو كە سەركەوتنی سیستەمێكی نوێ بێ عێراقێكی سەقامگیر و ئارامی خاوەن سەروەری تەواو مەیسەر نابێت، تاوەكو عێراق نەبێتەوە خاوەن رۆڵە میحوەرییەكەی جارانی لە ناوچەكە، ئەمەش‌ پێویستی بەوەیە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ دابینبكرێت و كێبڕكێ و ململانێ دەوڵەتانی دیكە لەسەر خاكەكەی كۆتایی پێبهێندرێت، ئەركی سەرشانی هەموو سیاسی و دەستەبژێر و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانیشە دەست بە گفتوگۆیەكی راستەقینەی تازە بكەن و‌ هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تەنگژەی ناوخۆی وڵات بە ووردی دیاری بكەن و رێگەچارەی بابەتی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، هاوكات سەرۆك بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا كە تەشەنەكردنی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و خراپی خزمەتگوزارییەكان و بەدگومانی گەل بەرامبەر شەرعیەتی سیستەمی سیاسی وڵات و گرەوكردن لەسەر پشوودرێژی هاووڵاتییان چی دیكە مایەی قبوڵكردن نین.

هەر لەمیانی وتەكانیدا سەرۆك بەرهەم رایگەیاند كە پێویستە‌ هەڵبژاردنی ئایندەی تشرینی یەكەمی 2021 دەستپێكێكی راستەقینە بێت رووەو دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ دۆخی ناهەمواری ئێستای وڵات، ئاماژەی بەوەشدا كە هەڵبژاردن لە خودی خۆیدا ئامانج نییە، بەڵكو‌ میكانیزمێكه بۆ گەیشتن بە چاكسازی و گۆڕانكاری راستەقینە و تێپەڕاندنی‌ ئاستەنگە كەڵەكەبووەكانی وڵات.

لە كۆتایدا سەرۆك بەرهەم ئەوەی دووپاتكردەوە كە زامنكردنی ئازادی خواست و پاراستنی ئیرادەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان دوور لە هەموو فشار و ساختەكاری‌ و فرتۆفێڵێك و چارەسەری كەموكورتییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و مامەڵەكردنێكی جددی لەگەڵ ئەو مەترسییانەی پێویستییەكی گرنگە و دەبێت بەھەند وەربگیرێت، هەروەها دەستەبەركردنی بەشدارییەكی جەماوەری فراوان لە پڕۆسەكەدا، پرسگەلێكن كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداریان نابین، بەو ئامانجەی ئەم دۆخە ناهەموارەی وڵات تێپەڕێنین و ئەم قۆناغەش بكەینە دەستپێكێكی راستەقینە بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل بە سیستەمی سیاسی.