سەردێر

فەڕەنسا و بەریتانیا و توركیا و ئەڵمانیا شەڕەكانی ئەمریكا دەگرنەئەستۆی خۆیان

ئەمریكا بۆ شەڕی چین دەكشێتەوە و شەڕی ناوچەكە بە هاوپەیمانەكانی دەسپێرێت

خەڵک –نزار جەزا
چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراق بەفەڕەنسا دەسپێرێت، لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا و تورکیا یەکناگرێتەوە، بۆیە شەڕی لەبری لەم ناوچەبە دروستدەبێت.

لوقمان حەسەن چاودێری سیاسی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ڕەوشێکی ئاڵۆز لەناوچەکە دروستبووە و گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنەڕەتی لەناوچەکەدا ڕوودەدات، ئەمەش بۆ دووبارە نەخشەڕێژکردنەوەی ناوچەکە، واتە ئەو باڵانسی هێزە بەجۆرێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، بەنمونە بەهۆی شەڕە بەردەوامەکانی ڕابردوویەوە و کوژرانی سەربازێکی زۆر و بەهەدەردانی داهاتێکی زۆر،گەلی ئەمریکا بێزاربوون لەشەڕەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان، لەبەرئەوە ئەمریکا شەڕەکانی بەوڵاتانی دیکەی هاوپەیمان دەسپێرێت، هەم لەناتۆ و هەم لەمۆدێرنەتەی سەرمایەداریدا، یەکێک لەوانە تورکیا یان فەرەنسا یان بەریتانیا و ئەڵمانیایە.

ئەوەشی ڕوونکردەوە، لەوانەیە لەداهاتوودا هەریەکێک لەو وڵاتانە لەوڵاتانی دیکە کە کێشەیان هەیە ئەرکداربکرێن، ئەم وڵاتانەش بەبەردەوامی کێشەکان دەهێڵنەوە، بۆئەوەی هەژموونی خۆیان بهێڵنەوە و باڵادەستبن، یەکێک لەو وڵاتانەش کە کێشەی تیایە عێراق و هەرێمی کوردستانە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، چین لەڕووی ئابوورییەوە گەیشتووەتە ئەوەی ئەمریکا قووتبدات، بۆیە ئەمریکا دەیەویت هەموو هێزی خۆی لەڕووبەڕووبوونەوەی چین بەکاربهێنێت، نەک خەریکی شەڕی وردە وردە بێت، لەبەرئەمانە دەیەویت لەم وڵاتانە بکشێتەوە و خەریکی کێشەی خۆی بێت.

باسی لەئەوەشکرد، لەعێراق و هەرێمی کوردستان و باکووری سوریاش لەداهاتوودا گۆڕانکاری بەسەردادێت،هەروەک چۆن لەئەفغانستان گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسییەکەدا هات و چیتر ئەمریکا ڕاستەوخۆ درێژە بەقەیرانە ئابووری و سەربازی وئیدارییەکان نادات، بۆیە لەعێراق و هەرێمیش ئەگەری لەپێشینە ئەوەیە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ درێژە بەوانە نەدات و ئیدارەی قەیرانەکان بسپێرێت بە فەڕەنسا.

زیاتر ڕوونیکردەوە، بەنموونە ئەمریکا ویستی ئەفغانستان بەتورکیا بسپێرێت، بەڵام تورکیا شکستی هێنا، لەبەرئەوەی تاڵیبان ڕازینەبوو، بۆیە تورکیا هێزەکان کشاندەوە، بەڵام بوونی بارەگاکانی تورکیا لەهەرێم بەئاگاداری ئەمریکایە، ئێستاش ئەمریکا دێت ڕۆڵێک دەدات بەفەرەنسا، کە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە، ئەمەش شەڕێکی نوێ لەناوچەکە دروستدەکات.

ئەوەشی وت: لەوانەیە شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و فەڕەنسا دروستنەبێت، بەڵکو ڕەنگە شەڕی بەوەکالەت دروستببێت، ئەگەری هەیە ململانێکان بەدەستی دوو لەناوچەکە درێژەی هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کورد یەکگرتوو نییە و یەکێتیی نەتەوەیی نییە و یەکگوتار نییە و نەیتوانیوە بەرچاوی ڕوونبکات و بڕیار لەداهاتووی خۆی بدات، ئەگەری ئەوە هەیە شەڕی گەورە و قەیرانی گەورە ڕووبەڕووی ناوچەکە ببێتەوە.