سەردێر

نوێنەری هەرێم لەفەڕەنسا: سەرۆک ماكرۆن هەرێمی كوردستانی لە پشتیوانی دڵنیاكردەوە

عەلی دۆڵەمەڕی: سەرۆك ماكرۆن لە گرینگی پێگەی سەرۆك بارزانی تێگەیشت بۆیە داوای بینینیی كرد

خەڵك – نزار جەزا

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەفەڕەنسا لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ (خەڵك) ناوەڕۆكی سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان ڕوونكردەوە و باسی لەگرنگی سەردانەكە كرد، كە دڵنیاییداوە لەوەی سیناریۆكانی ئەفغانستان لەپاش كشانەوەی ئەمریكا لەبەهەرێمی كوردستان دووبارە نابنەوە، باسی لەكۆبوونەوەكەی ماكرۆن و مەسعود بارزانیشی كرد.

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەفەڕەنسا بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەم كاتەدا سەردانی سەرۆك ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ بوو، چونكە خەڵك بەهۆی ڕووداوەكانی ئەفغانستانەوە تووشی دڵەڕاوكێ ببوو و بۆچوونێك هەبوو كە بەكشانەوەی ئەمریكا هەرێمی كوردستانیش بێ پشتوپەنا دەبێت و هەمان سیناریۆكانی ئەفغانستان دووبارەدەبنەوە، بەڵام سەردانەكەی سەرۆك ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان دەریخست سیناریۆكانی هەرێم وەك ئەفغانستان نین.

ماکرۆن دڵنیاییدا پاش کشانەوەی ئەمریکا، فەرەنسا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئاماژەی بەئەوەشدا، هاتنی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ هەرێم كە وڵاتێكی زلهێزە دەڵێت: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەفەڕەنساوە نەبەسراوەتەوە، بەڵكو فەڕەنسا لەهەرێم دەمێنێتەوە و ئەگەر پێویستبكات هێزی زیاتریش دەهێنن.

ڕوونیكردەوە، ئەو وتانە دەریدەخات، فەڕەنسا گرنگی بەهەرێمی كوردستان و بەگشتی بە عێراق دەدات، دەریدەخات هەرێم دۆستێكی هەیە لەوڵاتانی ڕۆژئاوا.

دەشڵێت: لەبیرینەكەین هەرێمی كوردستان هەرێمێكە سەر بە دەوڵەتی عێراق، ئەو عێراقەی كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە نەیتوانیوە لەناو كۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی خۆی بگونجێنێت.

ئەوەشی باسكرد، سەرۆك ماكرۆن لەكۆبوونەوەكانیدا پاڵپشتی و بەردەوامی بۆ شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش دووپاتكردەوە و ئامادەن لەهاوكارییەكان بەردەوامبن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، فەڕەنسا بەردەوامدەبێت لەپەرەپێدانی پەیوەندییە كلتوری و ڕۆشنبیری و ئابوورییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك خوازیارن بەشداربن لەبووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، بۆئەوەی بتوانن لەداهاتوودا وەبەرهێنانی زیاتر بكەن.

سەرۆك ماكرۆن خوازیاربوو پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد باشتربن

دۆڵەمەڕی دەڵێت: لەكۆبوونەوەكانیدا سەرۆك ماكرۆن زۆر سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد، كە لەشەڕی دژ بەداعشدا ڕۆڵی گەورەی بینی.

دەشڵێت: سەرۆك ماكرۆن خوازیاربوو پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد باشتربن، چونكە چەندێك پەیوەندییەكان باشتربن، هێندەش ئاسایش و ئارامی عێراق زیاتر و باشتر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەكۆبوونەوەكاندا باس لە ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال كرا، كە پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، بۆئەوەی ئێزدییەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، هەروەها ئەو ناوچانەی مەسیحییەكانی لێن بەهەمانشێوە پێویستە ئاسایی بكرێنەوە و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونكە بەبێ گەڕانەوەی ئەوان ئەستەمە ئاسایش لەو شوێنانە بەرقەراربێت.

ناوبراو لەبارەی ئەوەی فەڕەنسا دەبێتە جێگرەوەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سەرۆك ماكرۆن بەئاشكرا وتی (كشانەوەی ئەمریكا بەفەڕەنساوە نەبەستراوەتەوە، بەڵكو لێرە دەمێنینەوە و بەردەوامدەبین)، تەنانەت لەڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەردا فەڕەنسا لەجێگەی ئەمریكا هاتە سەرخەت و هاوكاری هەرێمی كوردستانی كرد، بۆیە فەڕەنسا بەردەوامدەبێت لەپاڵپشتی دۆزی ڕەوای كورد، چونكە فەڕەنسا دەڵێت(كورد زۆر چاكەی لەگەڵ فەڕەنسا كردووە لەشەڕی داعشدا، بۆیە ئێمەش دۆستەكانمان لەبیرناكەین و هەندێك بەهای هاوبەشمان هەیە وەك، ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئایینەكان)، ئەمەش زۆر گرنگە، پەیڕەوانی هەموو ئایینەكان لەژێر چەتری حكومەتێكدا بژین، كە لەسەر بنەمای ئایینی دروستنەكرابێت، لەبەرهەموو ئەوانە فەڕەنسا بەردەوامدەبێت لەمانەوە.

زیاتر روونیكردەوە ناتوانین بڵێین فەڕەنسا دەبێتە جێگرەوەی ئەمریكا، چونكە ئەمریكا لەعیراق و هەرێمی كوردستان هێزێكی سەرەكی و هێزی یەكەمە، چونكە ئەوان لەساڵی ٢٠٠٣دا عێراقیان ڕزگاركرد، بەڵام ئەوانیش تاكو ئێستا بڕیاریان نەداوە بەتەواوی لەعێراق بكشێنەوە، بەڵام لەكاتی كشانەوەیاندا بیگومان هێزی دیكە جێگەیان دەگرێتەوە، ئەو هێزەش لەوانەیە فەڕەنسا بێت، نەك بەتەنها فەڕەنساش، بەڵكو یەكێتی ئەوروپا بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، كە فەڕەنسا سەرۆكایەتی یەكێتی ئەوروپا دەكات لەئێستادا.

ئەگەر هەرێم گرنگ نەبووایە، سەرۆكی وڵاتێكی زلهێزی جیهان نەدەهات شەو و ڕۆژێك لەكوردستان بمێنێتەوە

ناوبراو لەبارەی تێڕوانینی سەرۆك ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان و كورد ئاماژەی بەئەوەدا، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵیی باوەڕپێكراوی دەستوورییە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەروەها ئەگەر هەرێم گرنگ نەبووایە سەرۆكی وڵاتێكی زلهێزی جیهان نەدەهات شەو و ڕۆژێك لەهەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، بەهۆی ڕۆڵی كوردان لەشەڕی داعش و ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەنێوان سەركردایەتی سیاسی كورد و فەڕەنسا هەبووە، سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بۆیە هەنێك قسەوباسی سۆشیاڵ مێدیا بێمانان، كە بەبێ زانیاری قسە لەسەر سەردانەكە دەكەن.

پێویستە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنەکەی هەرێم و عێراق، دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە

ناوبراو لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال ئەوەی خستەڕوو، سەرۆكی فەڕەنسا جەختیكردەوە، كە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنەی هەرێمی كوردستان و عێراق دۆخی شەنگال ئاسایی بكرێتەوە، هەروەها پێویستە ئاوارەكان بگەڕێنەوە، بۆئەمانەش سەرۆكی فەڕەنسا بەڵێنی هەموو هاوكارییەكیدا، بۆئەوەی هەرچی زووترە ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە.

عەلی دۆڵەمەڕی لەبارەی بەردەوامی پەیوەندییەكان و كۆبوونەوەكان لەنێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو، ئەمە جاری یەكەم نییە سەرۆكی فەڕەنسا یان شاندی فەڕەنسا بێتە هەرێمی كوردستان، پێشتر چەندین كۆبوونەوە هەبووە، بۆیە ئەم كۆبوونەوانە لەداهاتووشدا بەردەوامییان دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و خوارتریش.

لەبارەی ئەو ڕەخنانەی لەكۆبوونەوەكان گیرا، كە سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەتەوە و شاندەكان زیاتر پارتیبوونی پێوەدیاربووە، ناوبراو وتی: ئایا دەكرێت وڵاتێكی ئەوروپایی و دیموكراسی و زلهێزێكی جیهان لەگەڵ حزبێك كۆببێتەوە و ئاستی پەیوەندییەكانی بباتە ئاستی حزب؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو ئاستی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی حكومەتە، كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دانپێدانراوە و لەسەر ئاستی جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ستراتیژی خۆی هەیە.

فەرەنسا لەسەر ئاستی حکومەت و هەرێمێکی فیدڕاڵ پەیوەندی لەگەڵ هەرێم هەیە نەک حزب

زیاتر ڕوونیكردەوە، لەكۆبوونەوەكاندا بەنموونە سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆبووەوە، كە لەحزبە سەرەكییەكان پێكهاتبوون، هەروەها سەرۆكی هەرێم ڕاستە پارتییە، بەڵام نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی كوردستان دەكات، سەرۆكی حكومەتیش زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە و نوێنەرایەتی حكومەتێك دەكات، كە حكومەتی هەموو هاوڵاتییانە.

ناوبراو لەبارەی هۆكاری كۆبوونەوەی سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ڕۆڵی سەرۆك بارزانی تایبەتە، چونكە ئەو مێژوویەكی هەیە و بمانەوێت و نەمانەوێت مەڕجەعی كوردە، تاكە سەركردەیە بۆ كوردانی باشوور و باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان سوود لەئەزموونی ئەم سەركردە كاریزمایە وەربگرن، بۆیە سەرۆكی فەڕەنسا خۆی داوایكردبوو سەرۆك بارزانی ببینێت.

هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: سەرۆك ماكرۆن خۆی دەزانێت، سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی مێژوویی هەیە لەمێژووی ڕزگاریخوازی كورد، هەر لەساڵانی شەستەكانەوە تاكو ئێستا، تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاییش دەزانن بەبێ سەرۆك بارزانی هیچ شتێك لەعێراق جێبەجێناكرێت، ڕاستە ئەو ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام پێشتر ئەو پاشخانە مێژووییە بەهێزەی هەیە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.

سەرۆک ماکرۆن زانی بێ سەرۆک بارزانی هیچ شتێک لەعێراق جێبەجێناکرێت، بۆیە داوایکرد سەرۆک بارزانی ببینێت

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لەفەڕەنسا، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەسعود بارزانی و ماكرۆن ئەوەی باسكرد، باس لەبارودۆخی عێراق و شەڕی داعش كرا، هەروەها سەرۆك ماكرۆن سوپاس سەرۆك بارزانی كرد، بۆ ئەو ڕۆڵەی لەشەڕی داعش بینی، هەروها بۆئەو ڕۆڵەی لەكاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بینی، كە هەموو هەوڵێكیدا بۆئەوەی ئاشتەوایی بێتەدی و هەموو تەمەنی خۆی تەرخانكردووە بۆ گەلەكەی و چەندین ساڵە وەك پێشمەرگەیەك لەخەبات بەردەوامە و ئێستاش بەردەوامە، كە گەلەكەی بگات بەئازادی و دیموكراسی لەجیهاندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد شاندەكەی سەرۆك ماكرۆن خۆشحاڵبوون و سەرسامبوون بەپێشكەوتنەكانی هەرێم و بەهێزی پێشمەرگە و بەپێشوازییە گەرمەكەی گەلی كورد، بەسەردانێكی مێژوویی ناوزەندیان كرد، و خوازیاربوون زیاتر هاوكاری كورد بكەن، چونكە گەلی كورد زوڵملێكراوبووە، نەك زوڵمی كردبێت، هەروەها سەرۆك ماكرۆن سوپاسی كوردی كرد، كە دەرگای خۆی بۆ مەسیحییەكان و ئاوارەكان كردووەتەوە، چونكە لەئێستادا نزیكی یەك ملیۆن ئاوارە لەهەرێم هەن.

 

عەلی دۆڵەمەڕی، لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن