سەردێر

ماكرۆن: پاریس پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی ساڵی 2017ی سەرۆکی فڕەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا و سەرۆكی فەڕەنسا دەڵێت: “پاریس لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆردا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات”.
دوای کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆك ماكرۆن ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسایە، بۆیە سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی پاییزی ساڵی 2017ی سەرۆکی فەڕەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا و كردنەوەی ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی بەڕووی هەرێم.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، “عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن، کۆمپانیا فڕەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پڕۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن، لەمبارەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت”.

لای خۆیەوە، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا وتی، “لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دڵنیاییمدا لە بەردەوامی پشتیوانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و پاریس لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆردا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات”.

وتیشی، “دەمانەوێت کەشێک دروست بکەین کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان”.