سەردێر

قوباد تاڵەبانی: هاوپەیمانی كوردستان بەدیهێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نەوشیروانە

خەڵك-
قوباد تاڵەبانی داوا لە بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەكات؛ پێكەوە كار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان بكەن لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەكانی گەلی كوردستان و خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) ئەمڕۆ 28ی ئابی 2021 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ئاسۆ ڕەحیم و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر و كاندیدەكانی سلێمانی هاوپەیمانی كوردستان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێراقی كرد و ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنی بانگەشە و ئەركی بەرپرسانی حكومی خستەڕوو.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی كردەوە، خواستەكانی هاووڵاتیان بە ئێمەی یەكێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێكەوە كار بكەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكانی.

داواشی لە بەرپرسانی حكومی كرد، “سەرەڕای ئەركەكانیان لە كاری حكومی، كە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە، هاوكار بن لەگەڵ ئێمە و كاندیدەكان و كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوپەیمانی كوردستان”.

وتیشی، “بەشێكی زۆری گرفت و كەموكوڕییەكانی هەرێمی كوردستان، چارەسەر كردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران”.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، ئێمە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و ڕۆئیای خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نەوشیروانە، بۆیە دەبێت هەمووان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین.

جەختی كردەوە، كە دەبێت كار بكەین لەسەر بەشداریكردنی زۆرترین دەنگدەر لەو هەڵبژاردنەدا و وتیشی، “یەكگرتوویی یەكێتی و گۆڕان لێرە و لە بەغدا كاریگەری دەبێت لەسەر باشتر خزمەتكردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان”.

No description available.