سەردێر

حكومەت باجێكی دیكە بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنێت

خەڵك-

حكومەتی هەرێم بۆ زیادكردنی داهاتی خۆی باجی زیاتری خستۆتە سەر بەشێك لەچێشتخانەكان، چێشتخانەكانیش ڕاستەوخۆ بڕێك پارە لەهاووڵاتییان وەردەگرن بۆ حكومەت، ئەمەش بەوتەی پەرلەمانتارێك “نایاساییە و داوای كردووە بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەبێ بوونی‌ پاڵپشتی‌ یاسایی‌، حكومەت بڕیاریداوە ڕاستەوخۆ بڕێك پارە لەسەر پسوڵەی‌ خواردنی‌ هاووڵاتیان وەرگرێت لە چێشتخانە چوار و پێنج ئەستێرەكان.

ئاماژەی بەئەوەشدا، وەرگرتنی‌ ئەم باجە بە زیان بۆ دۆخی‌ ئابووری‌ بازاڕ لە هەرێم دەشكێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی‌ دەبێتە هۆی‌ وەرگرتنی‌ دوو جاری‌ باج، جارێك بەناوی‌ باجی‌ دەرامەت لە قازانج بە شێوەی‌ ساڵانە و جارێكیش ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیان.

باسی لەئەوەشكرد، هەموو بۆچوونە زانستییەكان بەو ئاڕاستەیەن، كە سەپاندنی‌ باج بۆ بەرپاكردنی‌ دادگەرییە نەوەك تەنها زیادكردنی‌ داهات، ئەم سیاسەتەی‌ حكومەت بەسەپاندنی‌ باجی‌ نایاسایی‌ هیچ پەیوەندی‌ بە دادگەرییەوە نیە و تەنها عەقڵیەتێكی‌ بچووكە، كە وا دەزانێت دەبێتە هۆی‌ زیادكردنی‌ داهات.

وتیشی، “بە ژمارە (٩٠) لە بەرواری‌ ٢٣ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١، لەگەڵ خستنەڕووی‌ سەرجەم بەڵگە یاسایی‌ و ئابورییەكان، داوامانكردووە باجی‌ ڕاستەوخۆی‌ سەر چێشتخانەكان هەڵبوەشێتەوە و تەنها باجی‌ دەرامەت بە شێوەیەكی‌ دروست و یاساییانە ‌و دوور لە گەندەڵی‌ وەربگیرێت”.