سەردێر

جۆرێكی دیكەی كۆرۆنا سەریهەڵدا و منداڵان تووشی دەبن

خەڵك-
زۆربەی خێزانەكان ترسیان لە تووشبوونی منداڵەكانیان بە جۆرە گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و لە ئێستاشدا جۆرێكی دیكەی ڤایرۆسەكە سەریهەڵداوە و پێی دەوترێت (دەلتا پڵەس)، كە بە تایبەتی منداڵان تووش دەكات و جیاوازە لە سەرجەم گۆڕاوەكانی دیكەی ڤایرۆسەكە.

بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان، مەترسی و دوودڵی ئەم ڤایرۆسە بۆ سەر منداڵانی خوار تەمن 12 ساڵە، كە تا ئێستا بە هیچ جۆرە ڤاكسینێك ناكوترێن.

خوێندن دەستپێدەكاتەوە و كۆرۆنا هەڕەشە لە منداڵان دەكات

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە خوێندنگەكان و گەڕانەوەی منداڵان بۆ ناو پۆل دوای ماوەیەكی زۆر لە دابڕان بەهۆی كەرەنتینە و كۆرۆناوە، ئەو پرسیارە دروست دەبێت لەلای دایك و باوكان، كە ئایا چۆن بزانین منداڵەكەمان تووشی كۆرۆنای جۆری (دەلتا پڵەس) بووە؟

ماڵپەڕی (Healthline) كە تایبەتە بە كاروباری تەندروستی دەربارەی ئەو پرسیارە و وردەكاری ئەو جۆرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە بە پشت بەستن بە قسە و بۆچوون و ڕێنمایی پزیشكان.

د. بۆڵ ئۆفیت، بەرپرسی ناوەندی ڤاكسین لە نەخۆشخانەی فیلادلفیای ئەمریكی بۆ منداڵان وتویەتی، “جۆری گۆڕاوی دەلتا پڵەس پەتایەكی خێرایە لە بڵاوبوونەوە و بەهۆیەوە بەشێوەیەكی زۆر و خێرا منداڵان تووشی دەبن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی كۆنڕۆڵ كردنی نەخۆشییەكان و خۆپارێزی ئەمریكی (CDC)، “جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا (دەلتا) دوو هێندەی جۆرە گۆڕاوەكانی دیكە خێراتربووە لە بڵاوبوونەوە و تووشكردنی هاووڵاتیان و كاریگەرییەكانیشی زۆر زیاتربوون بە بەراورد بە ڤایرۆسە سەرەكییەكە (كۆڤید19)”.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “بەهۆی ئەوەی منداڵان هیچ جۆرە ڤاكسینێك بەردەست نییە بۆ كوتانیان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جۆرە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا هەیە”.

نیشانەكانی دەلتا پڵەس:
بەپێی ڕاپۆرتەكە، لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە (دەلتا پڵەس) منداڵ كەمتر تووشی كۆكە و نەمانی هەستی بۆنكردن دەبن، بەڵام زیاتر هەست بە سەرئێشە و هەوكردنی گەروو (لەوزەتێن) و هەڵامەت و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە دەبن و ئەوانە نیشانەی سەرەكین.

د. مایكڵ جرۆسۆ، سەرۆكی بەشی پزیشكی منداڵان لە نەخۆشخانەی (هنتنگتۆن) لە نۆرسویل هێڵس لە نیویۆرك لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت: “هەندێك نیشانە هەیە لە منداڵی تووشبوو بە كۆرۆنای گۆڕاوی (دەلتا پڵەس) بریتیە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و كۆكە لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی ئاو بەلووتدا هاتن و هەندێك كاتیش سووربوونەوەی پێست لەگەڵ چەند نیشانەیەكی دیكە.

سەبارەت بە نیشانەكانی دیكە ڕوونی كردۆتەوە، “ئازاری سك، سووربوونەوەی چاو، هەناسەتووندی یان ئازاری سنگ، كۆكە، هەستكردن بە هیلاكی زۆر، ئازاری زۆری سەر، بەرزبوونەوەی كەمی فشاری خوێن، ئازاری قاچ، ڕشانەوە”.

ئەو پزیشكە ئامۆژگاری دایكان و باوكان دەكات، كە “پێویستە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو نیشانانە لە منداڵەكانیان دەستبكەن بە پشكنینی پزیشكی بە خێرایی بەتایبەتی ئەگەر منداڵەكە نیشانەی (ئازاری سنگ و تەنگەنەفەسی) هەبوو، ئەگەر پشكنینەكە ئەرێنی بوو پێویستە ئەو منداڵە جیابكرێتەوە تاوەكو نیشانەكانی نامێنێ‌”.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ كەرەنتینەی منداڵ:
بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكە، ئەگەر ئەنجامی پشكنینی پزیشكی منداڵ دەركەوت ئەرێنی (هەڵگری ڤایرۆسەكە)یە بەڵام تەندروستی باش بوو، ئەوا پێویست بە داخڵبوونی لە نەخۆشخانە ناكات، بەڵام پێویستە دایكان و باوكان بەردەوام چاودێری هەناسەدانی منداڵەكەیان بكەن.

– پێویستە شۆربا و شلەمەنی زۆر بدرێت بە منداڵ بۆ بەهێزكردنی بەرگری جەستەیان.
– بەردەوام ئاڵوگۆڕی هەوای ناو ماڵ بكرێت و ژووری منداڵەكە جیابكرێتەوە.
– تەرخان كردنی گەرماو (حمام)ێكی تایبەت بۆ منداڵە تووشبووەكە.

سەرهەڵدانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە لەكاتێكدایە، كە لە هەفتەی داهاتووەوە لە هەرێمی كوردستان دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، “ئەگەر دۆخی تەندروستی لەباربێت لە 14ی ئەیلول-ەوە پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە”.