سەردێر

ماكرۆن: پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین

خەڵك-

ئەمڕۆ لە شاری بەغدا لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە ئامادەبونی ئیمانوئێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەستپێدەكات و بەپێی زانیارییەكانیش، هەریەك لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەن و نوێنەری خۆیان دەنێرن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمە بە مەبەستی بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە ئیمانوئێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا گەیشتە بەغدا و لەلایەن موستەفا كازمییەوە پێشوازی لێكرا و دواتر لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا موستەفا كازمی ڕایگەیاند، سوپاسی فەڕەنسا دەكەین بۆ هەموو هاوكارییەكانیان.
وتیشی”هەماهەنگی و هاوكاری عێراق و فەرەنسا بەردەوام و گەلی عێراق ڕێز لە پشتیوانییەكانی فەڕەنسا دەگرێت”.

لای خۆییەوە ماكرۆن ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە لۆتكەی بەغدا گفتوگۆ لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەكە دەكەین.
وتیشی”پشتگیری تەواوی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین لەكاتی خۆیدا”.

جەختی لەوەش كردەوە، لە ڕووی تەندروستی و مرۆییەوە هەماهەنگیمان لەگەڵ عێراق پەرە پێدەدەین و پشتگیری گێرانەوەی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەكەین.