سەردێر

لە بەغداوە بڕیار لە مامۆستایانی وانەبێژ درا

خەڵك-
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە سەرجەم ڕێكارەكان گیراونەتەبەر بۆ گونجاندنی دۆخی یاسایی و دارایی مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی وڵات.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەچوارچێوەی گرنگیدانی حكومەت بۆ گەیشتنی مافەكان بە خاوەنەكانیان، سەرجەم ڕێكارەكان گیراونەتەبەر بۆ گونجاندنی دۆخی یاسایی و دارایی مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی وڵات.

ڕاشیگەیاندووە، ڕێكاری باڵا گیراوەتەبەر لەڕێگەی دەركردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 130 و 169 لەمساڵدا بۆ دیاری كردنی كرێی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ بەتایبەتی بۆ ئەوانەی فەرمانی كارگێڕییان هەیە و پێشتر لە 1-5-2020ەوە وەك خۆبەخش كاریان كردووە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە چەند ڕێكارێك لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دیاری كراون و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراون بۆ تەرخان كردنی پارەی پێویست لە بودجەدا و لە 1-1-2021ەوە كاری پێدەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاكان دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی ڕێكاری گرێبەست و خەرج كردنی پارە دوای بەردەستبوونی پارە.