سەردێر

نرخی بەنزین هەرزان بوو

خەڵك-
هەرچەندە بڕیاربوو نرخی بەنزین بۆ 650 دینار لە بەنزینخانەكانی هەرێم دابەزێت، بەڵام تەنها بڕی 50 دینار لە نرخەكەی شكاوە و بەڵێنەكەی وەزیری سامانە سروشتییەكان تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.

بەپێی بەدواداچوونێكی خەڵك بۆ بەنزینخانەكانی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی نرخی بەنزین بۆ هەر جۆرێكی بڕی 50 دینار دابەزیوە و نرخی لیترێك نۆرماڵ بووە بە 800 دینار و موحەسەن 875 دینار و سوپەر 925 دینار.

لای خۆشیەوە، بەنزینخانەی كۆتەڵ لە سلێمانی بڵاویكردەوە، نرخی لیترێك بەنزین 50 دینار دابەزیوە و هیوادارین زیاتر دابەزێت و ببێت بە 400 دینار.

لە 21ی ئەم مانگە، كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “لە 23ی ئەم مانگەوە ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی كوالێتی باش لە عێراقەوە دەگاتە هەرێم و نرخی یەك لیتر دەبێت بە 650 دینار”.

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك بەسەر ئەو وادەیەدا هێشتا نرخی بەنزین نەبووە بەو نرخە و جارێكی دیكەش ڕۆژی چوار شەممە ئەو وەزیرە لە ڕوونكردنەوەیەكدا وتی، “ئەمشەو بەنزینەكەی عێراق دەكات و نرخەكەی هەرزان دەبێت”، بەڵام ئەمڕۆ هەینی 27ی مانگ هێشتا هەر نرخەكەی بەو جۆرە دانەبەزیوە.