سەردێر

پزیشكێك چەند زانیارییەك دەربارەی خۆكوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی ڕێنمایی چەند توێژێكی هاووڵاتیان دەكات بۆ زوو خۆكوتانیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا و دەشڵێت: “ئەوانەی نیشانەی كۆرۆنایان هەیە پێویستە پێش خۆكوتانیان پشكنین بكەن”.

د.داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆری هەناوی و شەكرە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەر كەسێك بەركەوتنی هەبوبێ لەگەڵ تووشبوی كۆرۆنا یان نیشانەكانی كۆرۆنای هەبێ پێویست ئەكات پشكنینی كۆرۆنا بكات پێش ئەوەی ڤاكسین وەرگرێ.

دەشڵێت: “لەكاتی بوونی هەر نەخۆشیەكی كتوپڕ و یاخود هەوكردنێكی جەستە پێویستە چارەسەری گونجاو وەربگری، چونكە لەو حاڵەتانە بەرگری لەش دادەبەزێ و دوور نیە ڤاكسینەكە خۆی ببێتە هۆی تووشبون بە كۆرۆنا”.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا بوون وا باشە دوای ۳ مانگ ڤاكسین وەرگرن، چونكە بە لایەنی كەمیەوە بەرگری جەستە تا ۳-٦ مانگ ئەمێنێتەوە و پێویست بە ڤاكسین ناكات.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەكو (زەخت و شەكرە و غودە و ڕەبۆ و سستی گورچیلە و ڕۆماتیزمە و شێرپەنجە)یان هەیە ئەتوانن ڤاكسین وەرگرن بەمەرجێ لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینەكە باری تەندروستیان جێگیر بێ و زەخت و شەكرەیان كۆنتڕۆڵ بێت.

سەبارەت ئافرەتانی سكپڕ وتویەتی، “دەتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەرگرن و هیچ مەترسی بۆ سەر تەندروستی خۆیان و كۆرپەكەیان دروست ناكات”.