سەردێر

عیراق، زیاتر لە 8 هەزار حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا

پارێزگایەكی هەرێم زۆرترین حاڵەتی مردنی تۆماركرد

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت 8084 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 8728 كەسیش چاكبوونەتەوە، 70 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 44 هەزار و 512 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 8084 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و سلێمانی تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1582 و لە بەسرە 922 و لە سلێمانی 746 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە” لە هەولێر 444 و لە دهۆك 436 و لە كەركوك 360 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 8728 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و سلێمانی و بەسرە و دهۆك بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 70 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 19 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.