سەردێر

نرخی ئارد دابەزی

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی نرخی ئاردی خۆمالی دابەزاند.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەریەك لە نەسرین محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێلەی سلێمانی و سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی بەهاوكاری لەگەڵ لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی سلێمانی و سەندیكای فڕن و نانەواكان هەستان بە تاقیكردنەوەی ئەو ئاردەی كە دابەش دەكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و نمونەی ئاردەكەیان كرد بە نان و نانێكی زور جوانی لێ دروست بوو.
ئاشكراشیكرد، خاوەن فڕنەكان خواستی زۆریان لەسەر ئاردەكە هەیە و نرخی فەردەی ئارد لە شاری سلێمانی دابەزی بۆ 23000 دینار و هەوڵەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەردەوامە بۆ دابەزاندنی نرخی ئارد تا ئاستی نرخی پێشوتر.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و سوتەمەنی، نرخی نان بەرز بووەوە و ئەمەش لەلایەن هاووڵاتیانەوە ناڕەزایی لێكەوتەوە و بەپێی زانیارییەكانیش، لە ئەمڕۆوە نرخی بتڵێك غاز بۆ نانەواخانەكان بۆ 5 هەزار دینار دادەبەزێت.