سەردێر

نرخی بەنزین لە سلێمانی هەرزان بوو

خەڵك-
لە چەند بەنزینخانەیەكی سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەر لیترێك بڕی 120 دینار هەرزان بوو.

پەیامنێری (خەڵك) لە سلێمانی ڕایگەیاند، كە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سێ‌ شەممە نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 850 دینارەوە بۆ 730 دینار هەزران بووە، بەڵام نرخەكانی بەنزینی موحەسەن و سۆپەر وەك خۆیان ماونەتەوە و هەرزان نەبوون.

بەپێی وتەی بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی، “ئەو بەنزینە لەلایەن كۆمپانیای كارەوە دابین كراوە”.

پێشتر د. كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزین لە عیراقەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە 23ی ئەم مانگەوە نرخی یەك لیتر دەبێت بە 650 دینار، بەڵام دوو ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و نە بەنزینی عێراق گەیشت و نە نرخەكەش هەرزان بووە.