سەردێر

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دەداتە عیراق: دوو ملیۆن منداڵ لە مەترسیدان

خەڵك-
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونسێف)، هۆشداریی دەدات لە كاریگەرییەكانی وەرزی وشكەساڵی كە لەمساڵدا ڕووبەڕووی عیراق بۆوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن ڕێكخراوەكەوە بڵاوكرایەوە” وەرزی بارانبارینی 2020-2021 دووەم وەرزی وشكەساڵی لەو شێوەیەیە لە عیراق  لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ و خێزانەكانیان لە عیراق، ڕووبەڕووی ئاستەنگێكی گەورە دەبنەوە لەڕووی دابینكردنی ئاوی ماڵان لە ساڵی 2030، گەر ڕێكاریی پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشەكە نەگیرێتەبەر”.

ئەمساڵ لەڕووی كەمی بارانبارین و وشكاڵییەوە، ساڵێكی بێ‌ پێشینە بوو لە عیراق، لە زۆربەی ناوچەكانی وڵاتیشدا هاووڵاتیان دووچاری كەم ئاوی بوونەوە، وێڕای ئەمەش كەرتی كشتوكاڵ بەو هۆیەوە زیانێكی زۆری پێگەیشت.