سەردێر

كازمی دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن بڕیاریدا

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمان لەوادەی خۆیدا دەكرێت و بەهیچ شێوەیەك دواناخرێت.

حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران كۆبووەوە و تێیدا چەند بڕیارێكی دەركرد.

وتوشیەتی، “كازمی جەختی كردۆتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10-10-2021 نابین و لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت”.

ئاشكراشی كردووە، ئەنجوومەنی وەزیران دوای بانگهێشتكردنی بریكاری وەزارەتی كارەبا بڕیاریداوە لەسەر داڕشتنی یاسایەك بۆ هەمواری وەزارەتی كارەبا و گۆڕینی ناوەكەی بۆ (وەزارەتی كارەبا و وزەی نوێكراوە) و ڕەوانەكردنی بۆ پەڕلەمان.

هاوكات، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریشی داوە لەسەر دامەزراندنی كۆمپانیایەكی گشتی بەناوی (كۆمپانیای گشتی بۆ دابەشكردنی كارەبای فوڕاتی ناوەڕاست).