سەردێر

پەكەكە كوژرانی 85 سەربازی توركیای ڕاگەیاند

خەڵك-
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، كە گورزی گەورە لە سوپای توركیا دراوە و 85 سەرباز و چەكدار كوژراون و 19ی دیكەش بریندار كراون و دەشڵێت: “لە بەرخودانی مانگێكدا 7 گەریلا شەهید بوون”.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری مانگێك چالاكی گەریلاكانیان لە شەڕی (جەنگی خابوور و هەڵۆكانی زاگرۆس)ی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كردووە، ٨٥ داگیركەر سزادراون و ١٩ داگیركەر بریندار بوون. هەروەها ٧ گەریلای بەشداربووی هەڵمەتەكان شەهید بوون.

ڕاشیگەیاندووە، لە ماوەی مانگێكدا هێزەكانی گەریلا ٦٠ چالاكییان لە دژی داگیركەران ئەنجامداوە و گورزیان لە ٢ زرێپۆش و ٦ كۆپتەر داوە، لەكاتێكدا سوپای توركی داگیركەر ٦٥ جار لە دژی هێزەكانی گەریلا گازی ژەهراوی و كیمیایی بەكارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئۆپراسیۆنی داگیركەری، كە سوپای توركی فاشیست لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا لە ناوچەكانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێكردووە ١٢٠ ڕۆژی تێپەڕاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بە هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەكانی جەنگی خابوور و هەڵۆكانی زاگرۆس وەڵامی داگیركەرانیان دایەوە. گەریلاكانی ئازادیمان ماوەی ١٢٢ ڕۆژە بەبێ ڕاوەستان و پسانەوە بەرەنگاری و بەرخودان دەكەن، لاپەڕەیەكی نوێیان بە مێژووی بەرخودانی گەلان زیاد كرد.

هەپەگە دەشڵێت: “گەریلاكانمان لە هەموو گۆڕەپانەكان هەناسەیان لە داگیركەران بڕیوە و قۆناغێكیان دەستپێكردووە، كە گورزی قورس لە داگیركەران دەدەن”.