سەردێر

كامێراكانی چاودێری گرتووخانەی ئەوین هاك كران

تۆمارە ڤیدیۆییەكان، كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە

خەڵك-

گروپێكی هاككەر بەناوی گروپی”دادگەری عەلی” چەند تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاوكردوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، تۆمارەكان لە ئەنجامی هاككردنی كامێراكانی چاودێری گرتووخانەی ئەوین لە ئێران دەست كەوتوون.

گروپەكە، بە بڵاوكردنەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی 90 خولەكی دەستیان پێكردووە كەلە بەشێكی تۆمارەكەدا هەڵسوكەوتی كارمەندانی گرتووخانەكەیە لەگەڵ زیندانیان كە بەشێوەیەكی ناشایستە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرێت، بەشێوەیەك یەكێك لە زیندانییە بە تەمەنەكان لە هۆش خۆی چووە، بەڵام ڕایدەكێشن تاكو ژوورەكەی خۆی.

تۆڕی (BBC) بڵاویكردەوە، گرتووخانەی ئەوین بە یەكێك گرتووخانە توند و مەترسیدارەكانی ئێران دادەنرێت كە سەرجەم زیندانییەكانی بریتین لە زیندانی مەزهەبی و سیاسی.

گروپە هاككەرەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، تۆماری گرنگی زۆریان دەست كەوتووە و لە داهاتوودا سەرجەم ڤیدیۆكان بڵاودەكەنەوە.
بەشێك لە كەناڵەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆیەكە سەردانی نێو گرتووخانەكەیان كردووە و داوا لە زیندانیان دەكەن هەڵوێستی كارمەندانی گرتووخانەكە ئاشكرا بكەن، داواش دەكەن لە كامێراكە نەترسن و بە ڕوونی بۆچوونی خۆیان بڵێن، لای خۆشیانەوە زیندانییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كارمەندانی گرتووخانەكە زۆر باشن لەگەڵمان و هەڵوێستی جوان و جوامێرانەیان هەیە لەبەرانبەرمان.

لەلایەكیترەوە گروپێك بەناوی “گروپی پتندگان” كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران ناودەهێنن و چالاكیان هەیە دژی حكومەتی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەوان كامێراكانیان هاك كردووە، بەڵام بەناوی گروپی “دادگەری عەلی” بابەتەكیان بڵاوكردووەتەوە.
لە بەشێكی تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا، ژووری چاودێری كامێراكان بڵاوكراوەتەوە كە ناوچە جیاوازەكانی گرتووخانەكە نیشان دەدات، لەناكاو بەشێك لە كامێراكان دەپچڕێن و پەیامێكی تێدا بڵاوكراوەتەوە كە نووسراوە، “ئەوین پەڵەیەكی ڕیسواییە بەسەر عەمامەی ڕەش و ڕیشی سپی ڕەئیسی- ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكان تا ئازادی زیندانیان سیاسی”.


بەپێی زانیارییەكان، ئەو نوسراوە ئاماژەیەكە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران كە دەستی هەبوو لە فەرمانی لەسێدارەدانی سەدان هاووڵاتی، كە لەلایەن ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیشەوە هۆشداریان پێدرابوو.

ئەمڕۆ سێ شەمە، محەمەد مەهدی محەمەدی سەرۆكی دامەزراوەی گرتووخانەكان لە ئێران لە هەژماری خۆی لە تویتەری ڕایگەیاند، داوای لێبوردن دەكەین لە هەر هەڵوێستێك كە بەرانبەر زیندانیان كراوە.
وتیشی”هەر جۆرە هەڵسوكەوتێك لەبەرانبەر زیندانیان كە ئەنجام دراوە، دووبارە ناكرێتەوە بە كارێكی هەڵەی دەزانین و داوای لێبوردنیش لە خودای گەورە و ڕێبەری عەزیزمان و گەلی ئێران و سەرجەم زیندانیان دەكەین كە ماندوو بوون”.