سەردێر

وەزیری كارەبا: ڕۆژانە 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان

خەڵك

كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت: ئێستا ڕۆژانە 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان و پلان ھەیە زیاتر بكرێت و ھەر ئەم هەفتەیە كاتژمێرێك زیاد كراوە.
لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وەزارەتی كارەبای هەرێم بڵاویكردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبای هەرێم ڕایگەیاندووە، سوودەكانی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت ئەوەیە كە ئەو كارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاووڵاتییان دەبێت و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت.

كەمال محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە %70 ی كارمەندانی كەرتی تایبەتی كارەبا لە كارمەندانی كەرتی گشتی كارەبا دەبن و مووچەكەشیان كەرتی تایبەت دەیدات.

وەزیری كارەبا ئاماژەی بەوەشداوە، سەركەوتنی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەك دایە. پێشتر لە بۆردی ماڵان سەرپێچی دەكرا و ئێستا زەحمەتە سەرپێچی لە پێوەری زیرەك بكرێت. تا ئێستا زیاتر لە ٨٢٧ ھەزار پێوەری زیرەك بەستراون.

كەمال محەمەد ڕوونیشی كردووەتەوە، لە ڕۆژی 15 ی حوزەیران، پێنج یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە هۆی پرۆسەی چاككردنەوە (صیانە) لە كاركەوتن و بڕی پێدانی كارەبا كەمتر بووە. سەرۆكی حكومەت 40 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كرد و دوو یەكە گەڕانەوە و ئەم ڕۆژانەش سێیەم یەكە دەگەڕێتەوە و دۆخی كارەبا باشتر دەبێت.

وەزیری كارەبای هەرێم دەشڵێت، ئێستا ڕۆژانە 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان و پلان ھەیە زیاتر بكرێت و ھەر ئەم هەفتەیە كاتژمێرێك زیاد كراوە.