سەردێر

ئەمریكا لەسەر “مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ئەفغانستان لە عێراق” بڕیاریدا

خەڵك-
باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە هیچ لێكچوونێك لەنێوان عێراق و ئەفغانستان نییە و دەشڵێت: “دواخستنی هەڵبژاردنەكان وڵاتە زیاتر دەخاتە ناو ئاڵۆزی و قەیرانەوە”.

ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەغدا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (العربیە الحدث) ڕایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەكاتی خۆیدا دەكەین، چونكە هەر دواخستنێك دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە بخاتە ناو قەیران و كێشەی ئاڵۆزترەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان داواكاری سەرەكی خەڵكی عێراقە و وتیشی، “كاردەكەین بۆ ئەوەی عێراق بگاتە بەدەستهێنانی وزە بێ‌ ئەوەی پشت بە ئێران ببەستێت”.

باڵیۆزی ئەمریكا وتوشیەتی، “هیچ ڕوویەكی لێكچوون لەنێوان عێراق و ئەفغانستان نییە، چونكە ئەركی ئەمریكاییەكان لە عێراق بەتەواوی جیاوازە لەو ئەركەی لە ئەفغانستان هەیانبوو”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە.

ڕاشیگەیاند، دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە.