سەردێر

كازمی: هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

لایەنە سیاسییەكان هەڵبژاردنەكان بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخەن

خەڵك-

سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەت، بەغدای بەرەو كوێت بەجێهێشت و بەر لەسەردانەكەش ڕایگەیاند، پابەند و سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی شاندێك بەرەو كوەیت بەڕێكەوت و بەر لەسەردانەكەشی ڕایگەیاند، سەردانەكە بەشێكە لەهەوڵەكانی حكومەت بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا، لەوانە دەوڵەتی كوەیت.

ئاشكراشیكرد، سەردانەكە چەندین دۆسیەی ئابووری، سیاسی، وزە، وەبەرهێنان و دۆسیەكانی تر لەخۆدەگرێت، بەئامانجی بەهێزكردنی برایەتی نێوان هەردوو وڵات.

جەختی لەوەش كردەوە، عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە و حكومەتەكەشی پابەند و سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە 10ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2021دا كە بڕیاری لەسەردراوە و هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستیشیان بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و كەشێكی گونجاو ئامادەكردوە.

سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان داوایان لە موقتەدا سەدر كرد، بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، ئەویش بە داواكەیان ڕازی بوو بە مەرجێك دوابخرێت.

وتیشی”لایەنەكان بە داواكەی موقتەدا سەدر ڕازی بوون بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان بۆ مانگی نیسانی داهاتوو و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا كۆدەنگییەك لەسەر ئەو بابەتە دروست دەكەن و هەڵبژاردنەكان دوادەخرێت”.