سەردێر

كۆچبەرە كوردە رزگار كراوەكان لەكوێ‌ دەمێننەوە؟

37 كۆچبەری كورد لە خنكان رزگاركران كە لەلایەن قاچاخچییەوە فێڵیان لێكراوە

خەڵك
37 كۆچبەری كورد لە دوورگەی لێرۆسی یۆنان لە خنكان ڕزگاركران كە لەلایەن قاچاخچییەوە فێڵیان لێكراوەو ئێستا لە دوورگەی كۆسن و تەندروستییان باشە.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری دەزگای لوتكە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،
ئەو كۆچبەرانەی لە دوورگەی لێرۆس گیریان خواردبوو، دوای نزیكەی 48 كاتژمێر رزگاركران كە ژمارەیان 37 كەسە.

ئاماژە بەئەوەش دەكات، دوای ئاگاداركردنەوەیان لە رێگەی نوێنەری دەزگاكەیان و باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە یۆنان هەوڵەكانیان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان زیاتر كردووە كە دواجار هاوكارییان كردوون و ئێوارەی دوێنێ رزگاریان كردوون.

“تاوەكو ئێستا دیار نییە كە حكومەتی یۆنان ئەو كۆچبەرانە دیپۆرتی توركیا دەكاتەوە یان رێگەیان پێدەدات لە وڵاتەكەدا بمێننەوە”

وتیشی، ئەو كۆچبەرانە لەلایەن قاچاخچییەوە فێڵیان لێكراوە و پۆلیسی یۆنانیش بە بیانووی هەبوونی ڕەشەبا نەیان توانیوە هاوكاری ئەو كۆچبەرانە بكەن و تاوەكو ئێستا دیار نییە كە حكومەتی یۆنان ئەو كۆچبەرانە دیپۆرتی توركیا دەكاتەوە یان رێگەیان پێدەدات لە وڵاتەكەدا بمێننەوە.

ئاری جەلال، باسی لە ئەوەشكرد، كۆچبەرەكان 37 كەس بوون كە سەرجەمیان كوردن، لە نێویاندا 8 ژن و 4 منداڵ و كەسێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن، دوای رزگاركردنیان گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی كۆس و دۆخی تەندروستییان باشە.

دوورگەی لێرۆس دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی یۆنان كە ناوچەیەكی شاخاوییە و هیچ شار و گوندێكی تێدا نییە، ئەو كۆچبەرانە لە ئێوارەی رۆژی 19-08-2021 لەو دوورگەیەدابوون.