سەردێر

نزیكەی 40 كۆچبەر خنكان

خەڵك-
بەلەمێكی كۆچبەران كە لە باكووری ئەفریقاوە بەرە ئیسپانیا بەڕێكەوتبوو، لە نزیك دوورگەكانی كەناری لە باشووری خۆرئاوای ئیسپانیا نقومبوو، لە ئەنجامی ڕووداوەكەشدا 30 كۆچبەر خنكان.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی “EFE”ی ئیسپانی، لە دووری 250 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی دوورگەكانی كەناری بەلەمێكی كۆچبەرانی نایاسایی وەرگەڕاوە و لە ناو بەلەمەكەدا تەنیا ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ بەزیندوویی ماوەتەوە و لە كۆی 40 سەرنشینی بەلەمەكە، تەنیا سەرنشینێك لە مەرگ ڕزگاری بووە كە لە بارودۆخێكی تەندروستیی و دەروونی خراپدایە و بە كۆپتەر براوەتە نەخۆشخانە.

لەم ماوەیەی دواییدا، لێشاوی كۆچبەران لە باكووری ئەفریقاوە بۆ دوورگەكانی كەناری بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونكردووە، بەرپرسانی ئیسپانیاش باس لەوە دەكەن كە ئەمساڵ تا 15ی ئاب، هەشت هەزار و 222 كۆچبەری نایاسایی لەڕێی 218 یەخت و بەلەمەوە هاتونەتە دورگەكانی كەناری و ڕێژەی هاتنی كۆچبەرانیش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، لە سەدا 144 زیادی كردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەمساڵدا زیاتر لە 230 كۆچبەری نایاسایی بەهۆی خنكان و تێكچوونی باری تەندروستییان لە دەریادا، گیانیان لەدەستداوە، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش دەڵێن، ژمارەی كۆچبەرە نایاساییەكان و ئەوانەی لە ڕێگای كۆچدا گیانیان لەدەستداوە، زۆر لەو ژمارانە زیاترن كە تۆمار كراون.