سەردێر

وەزیری بەرگری عیراق لە ئەنقەرەیە و توركیاش ئۆپەراسیۆنەكانی لە هەرێم چڕدەكاتەوە

خەڵك-
وەزیری بەرگری عیراق لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا چاوپێكەوتنی فراوان ئەنجام دەدات و هێزەكانی سوپای توركیاش ئۆپەراسیۆنەكانیان لە ناوچەكانی شنگال و باكووری دهۆك و خۆرهەڵاتی هەولێر چڕدەكەنەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”جومعە عیناد وەزیری بەرگری عیراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتە ئەنقەرە و بەشداریی لە پێشەنگەی پیشەسازیی سەربازیی جیهانیدا دەكات”.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری عیراق” عیناد و شاندی یاوەری لەلایەن موحسین دیری جێگری وەزیری بەرگری توركیاوە پێشوازیی لێكراوە”.

وەزارەتی بەرگری عیراق دەڵێت”جومعە عیناد گەشتێكی بەنێو پێشانگەی سەربازیدا كردووە و بە نوێتریتن چەك و كەرەستەی سەربازی كۆمپانیا جیاجیاكانی جیهان كە بەشدارن لە پێشنگەكە، ئاشنا بووە”.

ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری عیراق بۆ توركیا لەكاتێكدایە كە دوێنێ‌ چوار شەممە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ڕەتیكردەوە چی دی ڕێگە بە پێشێلكارییەكانی توركیا بدرێت بۆ سەروەریی خاكی عیراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانیش بەنیازە لەڕێی وەزارەتی دەرەوە سكاڵا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان لە دژی دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی توركیا لە شنگال و هەرێمی كوردستان بەرزبكاتەوە.