سەردێر

خانەقین، حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێكی دەستپێكرد

خەڵك-
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی ڕۆخی ڕووباری ئەڵوەند لە باكووری قەزای خانەقین دەستپێدەكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبییەوە بڵاوكرایەوە”ئەو لیوایانەی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەكەی خانەقیندا كردووە، بریتین لە لیواكانی (20، 23، 28، 110) كە لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالەی حەشدی شەعبیدان”.

هەر لە بەیاننامەدا هاتووە”ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكە، لەناوبردنی جموجۆڵی پاشماوەی چەكدارانی داعشە لەو ناوچەيە كە لە باشوورەوە بەرەو باكووری ڕووباری ئەڵوەند درێژدەبێتەوە، تا دەگاتە كۆتایی قەزای خانەقین”.

خانەقین یەكێكە لە ناوچە كوردستاییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، ویڕای ڕاگەیاندنی تێكشكاندنی تەواوەتی ڕێكخراوی داعش، بەڵام تائێستاش پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوەكە لەو ناوچەیە جموجۆڵ و چالاكی هەیە.