سەردێر

عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا لە دژی توركیا بەرزدەكاتەوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق، نزیكبوونەوەی وادەى بەرزكردنەوەی سكاڵایەك بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی پێشێلكارییەكانی توركیا ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ چوار شەممە، عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئەو هێزانەی توركیا كە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێگیركراون، دەستدرێژی و پێشێلكاریی گەورە دەكەن، لەوانە بۆردومانەكان كە بونەتە مایەی كەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزی مەدەنییەكان و زیانی ماددی و ئاوارەبوونی سەدان خێزان لە گوندەكان”، ئەو ڕووداوانەشی بە پێشلكردنی سەروەری نیشتمانی و ناپەسەندكراو وەسفكرد.

بە وتەی عەزاوی”لیژنەیەك لە وەزارەتی دەرەوە پێكهێنراوە لەپێناو بەرزكردنەوەی سكاڵا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر بە پێشلكارییەكانی توركیا، وێرای گەیاندنی نامەی ناڕەزایی بەرامبەر بە بۆردومانەكانی ئەم دواییە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان دەڵێت”پێویستە عیراق لەبەرامبەر پێشلكارییەكانی توركیا بێدەنگ نەبێت، چونكە مانەوەی ڕەوشەكە بەم شێوەیە، بەرەنجامی زۆر خراپی دەبێت، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عیراقیش پێشلكارییەكانی توركیا و هێزەكانی وڵاتەكە ڕەتدەكەنەوە”.