سەردێر

حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی دیاریكرد

خەڵك-
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی نوێی بەنزین ئاشكرادەكات و دەڵێت: “بەنزین لە بەغداوە دێتە هەرێم”.

لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە و لەگەڵ وەزیری نەوت كۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە هەماهەنگی تەواو بكەن.

كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (ڕووداو) ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە بەنزین کوالێتیی باش دەبێت و هەرزانیش دەبێت.

ڕاشیگەیاند، لە 23ی ئابەوە بڕێک بەنزین لە بەغداوە دێت، ئەمەش وادەکات کوالێتیی بەنزین باش ببێت و نرخەکەشی دەبێتە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت.

ماوەی چەند مانگێكە بەردەوام نرخی بەنزین ڕووی لە گران بوون كردووە و هۆكارەكەشی بۆ گرانبوونی لە بازاڕی جیهانی و پاڵپشتی نەكردنی حكومەتی هەرێم بۆ سووتەمەنی دەگەڕێتەوە لەگەڵ بوونی چەندین جۆر باج و ڕسومات لەسەر هێنانی بەنزین.

پێشتر، گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەكەمان كۆبۆتەوە و بڕیارمانداوە سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكەین و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو سەردانە دەكەین.

سەبارەت بە بەڵێنی هەزران كردنی نرخی بەنزین لەلایەن حكومەتەوە وتی، “بەڵێنێك دراوە بۆ هەرزان كردنی بەنزین، بۆیە ئومێدمان پێیەتی و چاوەڕێ‌ دەكەین”.