سەردێر

شەپۆلێكی گەرما جارێكی دیكە هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-

بارستە ھەوایەكی گەرم جارێكی دیكە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەگرێتەوە و ماوەكەی كورتخایەن دەبێت، بەڵام دواتر كەشوهەوایەكی پاییزی ناوچەكە دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەھۆی كاریگەری بارستە ھەوایەكی فێنكەوە پلەكانی گەرما بەڕادەیەكی باش لەچاو ھەفتەكانی ڕابردوو ڕووی لەنزمبوونەوە كردوە و تا سەرەتای ھەفتەی ئایندەش ھەر بەم جۆرە بەردەوامی ئەبێت.

وتیشی، “لە ڕۆژانی ٢٣ی مانگ تا كۆتایی ئەم مانگە بەھۆی كەوتنەوە ژێر كاریگەری بارستە ھەواییە گەرمەكانی باكوری ئەفریقاوە جارێكی دیكە پلەكانی گەرما ڕوو لەبەرزبوونەوە دەكاتەوە و چەقی كاریگەریەكانی لە ڕۆژانی ٢٤ بۆ ٢٦ی مانگدا ئەبێت زیاتریش كاریگەری بۆ سەرناوچە نزمەكان ئەبێت بەتایبەت ناوچەكانی گەرمیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی شەپۆلی گەرماكە كورت دەبێت بەراورد بە ناوچەكانی باشوری گەرمیان و ناوەڕاست و باشوری عێراق ئەویش بەھۆی دووركەوتنەوە لەچەقی وەرزی ھاوین و نزیكبوونەوە لە كۆتا مانگی وەرزەكە، كە تیایدا بەشێوەیەكی ئاسایی و سروشتی پلەی گەرما ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو نزمبوونەوە دەچن و لەشەوانیشدا كەش و ھەوا فێنك ئەبێت.

جەختیشی كردەوە، كاریگەری ئەم بارستە ھەوا گەرمانە لەم كاتەدا نابێتە ھۆی سەرھەڵدانەی گەرمای بەھێز و بەتین ھاوشێوەی مانگی ڕابردوو، بەڵام لەدوای ٢٧مانگەوە كاریگەری كەمدەبێتەوە و تێكڕای پلەكانی گەرما دەگەڕێنەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی.