سەردێر

هاتووچۆی سلێمانی لەسەر گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل ڕووونكردنەوە دەدات

خەڵك-
هەرچەندە دەنگۆی ڕێككەوتنێكی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم بۆ گۆڕین و یەكخستنی شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێل بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هیچ بڕیار و نووسراوێكی فەرمیمان لەوبارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە.

بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە، شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێم یەكدەخرێن و نووسین و پیتی ئینگلیزی لەسەر دەبێت و ناوی پارێزگاكانیشی لەسەر دەبێت.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندیكرد بە عەمید فەرەیدون، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

لای خۆشیەوە، مقەدەم بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕەتی كردەوە تا ئێستا هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە هەبێت و وتی، “تا ئەمڕۆش هیچ نووسراو و بڕیارێكی فەرمی بەدەستمان نەگەیشتووە بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل و یەكخستنی لەگەڵ عێراق”.

وتیشی، “ئەوەی باس دەكرێت ئێمەش تەنها لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بینیومانە و بە نووسراوی فەرمی هیچ شتێكمان پێ‌ نەدراوە”.