سەردێر

بایدن زەنگە مەترسیدارەكەی بۆ كورد لێدا

پێویستە هەرچی زووە پێشمەرگە یەكبخرێت تا هەرێمی كوردستان بە دەردەكەی ئەفغانستان نەچێت

خەڵك

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیامێكدا دەڵێت داعش لە عیراق توانای سەرهەڵدانەوەی هەیە و شرۆڤەكارێكی سیاسییش دەڵێت پێویستە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە.

هیوا سەید سەلیم، شرۆڤەكاری سیاسیی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند،
دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان بەراورد ناكرێت بە ئەفغانستان، بەڵام هەندێك بابەتی هاوشێوە هەیە، بۆنموونە لە دوای 2003 ەوە هەتا ئەمڕۆ نەتواندراوە عیراق ببێت بە خاوەنی سوپایەك ، وێڕای ئەو هاوكاریی و پشتیوانییانەی مسۆگەر كراون، كە بتوانێت داكۆكی لەخۆی بكات لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی دەكرێتە سەری بە تایبەت هەڕەشەی تیرۆر.

دەشڵێت، لە هەرێمی كوردستانیش بابەتی هاوشێوەی ئەفغانستانمان هەیە كە تا ئێستا نەتوانراوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبخرێت، ئەمە خاڵی لێكچووە لەگەڵ ئەفغانستان.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئەمریكا نیگەرانە كە نەتوانراوە جۆرێك لەسەقامگیریی سیاسیی لە ئەفغانستان دروست ببێت بۆیە جۆ بایدن دەڵێت ئێمە ناتوانین سەربازی خۆمان لەو وڵاتانە بەكوشت بدەین.

دەشڵێت، وتەكانی سەرۆكی ئەمریكا زەنگێكە بۆ ئێمە كە دەبێت كێشە ناوخۆییەكانمان چارەسەر بكەین و بتوانین هێزی پێشمەرگە بكەینە هێزێكی تۆكمە بە پشتییوانی هەموو لایەك و ئەو هاوكارییەی كە بۆیدێت لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەبەردەم هەڕەشەكان بوەستینەوە، هێزی پێشمەرگە هێزێكی زۆر باشە و توانای پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی هەیە، بەڵام یەكنەگرتن و ڕێكنەخستنەوەی لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتیمانی بەربەستە و گلەییەكە هەمیشە هاوپەیمانان لە ئێمەی دەكەن.

وتیشی گەشبینم بەوەی ئەوە ڕووبدات، چونكە لە مانگی ڕابردوو هەوڵێك هەبوو كە هێزەكانی حەفتاو هەشتا بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان.