سەردێر

ئامادەكاریی بۆ درووستكردنەوەی داعش دەكرێت

خەڵك

شەوی رابردوو جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد داعش توانای سەرهەڵدانەوەی لە عێراق هەیە، ئەمە وەك هەڕەشەیەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان لێكدرایەوە، چاودێرێكی سیاسییش دەڵێت: داعش هێزێكی درووستكراوە، دووبارە ئامادەكاریی دەكرێت تا درووست ببێتەوە.

عادل عوسمان، چاودێری سیاسیی، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كە دۆخی ئێستای ئەفغانستان دۆخێكی سیاسی ئاڵۆزە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە جیهانییەی بەڕێوە دەبرێت، ئەو ئامانجانەشی كە ئەمریكا هەیبوو لە ئەفغانستان لەسەردەمی (بایدن)ەوە ڕاگەیەندرا، كە باسی لەوەدەكرد ئەوان نەهاتوون تا ئەفغانستانێك درووست بكەن، دەوڵەتێكی دیموكراتی بێت، بەڵكو بۆ ئەوە هاتبوون تا ڕێگری بكەن هێرش نەكرێتە سەر وڵاتەكەیان.

دەشڵێت: ئەو هێزانەی لەوێ بوون سیاسیی نەبوون، بەڵكو (تایفی) بوون، لە ئەنجامی دزیكردن و گەندەڵیی و قۆرخكارییدا دەستیان كردبوو بە وێرانكردنی ئەفغانستان و وەڵامنەدانەوەی ئەمریكا، ئەوەش وایكرد ئەمریكا لەگەڵ (تاڵیبان) ڕێكبكەوێت هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە كە هەردوولا لە گفتووگۆیەكی باشدان كە بتوانن بێنەوە ئەفغانستان بەو مەرجەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بپارێزن، بۆیە ئەو هێزانەی هەبوون هەموویان لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا كۆتاییان پێهات و دوایی كۆمەڵێك ئاوات و ئامانج كەوتن كە بەدەستیان هێنابوو و چونە وڵاتانی تر.

ڕونیشیكردەوە، ئەمریكا عێراق جێناهێڵێت و ئەگەر جێشی بێڵێت بە ئاڕاستەیەك دەبێت كە بتوانێت بارودۆخێك دروستبكات دووبارە بگەڕێتەوە و ببێتەوە فریادڕەس تێیدا، لەهەمانكاتدا بارودۆخی ئەفغانستان زۆر دوورە لە عێراقەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت گەلی كورد لەبەرامبەر ئەوەدا وەك خۆی ئامادەكاریی هەبێت.

باسی لەوەشكرد، هەلومەرجەكە بۆ گەلی كورد سەختە، چونكە هێرشێكی قڕكەر لەسەر گەلی كورد بەڕێوەدەبرێت، بۆ كورد وەك ئەفغانستان نابێت، كورد لە ڕێگەی هێزی دەرەكییەوە داگیردەكرێین و لێمان دەدرێت، بۆیە چاوەڕوانی كوشتاریی زۆر هەیە لە باشووری كوردستاندا، بۆیە پێویستە گەلی كورد لە بەرامبەر هێزەكانی پاراستنی خۆجێیدا بەبڕیاربێت و بتوانێت خۆی بپارێزێت بەرامبەر ئەو هێرشە داگیركارییانەی دەكرێت لە باشووری كوردستان وعێراقدا.

ڕونیشیكردەوە، كە داعش هێزێكی درووستكراوە، دووبارە ئامادەكاریی دەكرێت تا درووست ببێتەوە و لە عێراقیش هەمان سیناریۆ ڕووبداتەوە، چونكە عێراقیش لەگەڵ ئەو دەستكەوتە زۆرەی هەیەتی بۆ ئەمریكا لە هەمانكاتدا نارەحەتیی و سەرئێشەشی زۆرە بۆ ئەمریكا، بۆیە دەیەوێت وانەیەك بەوانە بدات كە هەوڵی ئەو سەرئێشەیە دەدەن تا تووشی ئەمریكای بكەن، ئامادەیە چەندین هێزی لەو شێوەیە دروست بكات كە هاوشێوەی داعشن و گروپی توندڕۆن و بتوانن پێگەكانی ئەمریكا بپارێزن و ئامانجەكانی ئەمریكا بەدیی بێنن.