سەردێر

ئەحمەد سەحاف: 690 كۆچبەرمان بۆ عیراق گەڕاندووەتەوە

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپادا هەماهەنگی دەكەن بەمەبەستی ڕاگرتنی دیاردەی بازرگانی و قاچاغچیەتیكردن بەمرۆڤ و ڕاشیگەیاند، 690 كۆچبەریان گەڕاندوەتەوە كە لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و لیتوانیا و پۆڵەندا و لاتڤیا گیریان خواردبوو.


ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند: هێڵی ئاسمانی عیراقیی لەڕێگەی دوو گەشتی ئاسمانییەوە 690 كۆچبەری عیراقیی گەڕاندەوەو پێشتریش كۆمپانیای فلای بەغدا، لەڕێگەی دوو گەشتەوە 320 كۆچبەری تری گەڕاندبووەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئەوەشی خستەڕوو: لەئێستادا وەزارەت كار بۆئەوە دەكات زۆرترین كۆچبەر بگەڕێنێتەوە كە لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتانە گیریان خواردووە، ڕوونیشی كردەوە، ئەو كۆچبەرە گیرخواردووانە بەسەر چەند شوێن و جێگەیەكدا دابەش و بڵاوبوونەتەوە كەجیاوازن و لەیەكترییەوە دوورن، وەزارەت و لایەنەكانی پاڵپشت لەهەوڵی ئەوەدان ئەو كۆچبەرانە قایل بكەن و وایان لێبكات ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ خاكی نیشتمان.