سەردێر

دانیشتوانی گوندێكی هەولێر مەرجیان بۆ پڕۆژەیەكی وڵاتی چین هەیە

خەڵك- ئارام سەردار
دانیشتووانی گوندی ئاشۆكان لەدژی دیاری كردنی ڕێژەیەكی كەم لەقەرەبووكردنەوەی زەویەكانیان گردبوونەوە لەیاداشتێكدا چەند داواكاریەك دەخەنەڕوو، لەئەگەری جێبەجێ نەكردنی داواكاریەكانیان ڕێگانادەن پڕۆژەی گەشتیاری (هەپی سیتی) لەسەر زەویەكانیان جێبەجێ بكرێت.

لەیاداشتەكەدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە تێیدا داوا دەكەن؛ پێویستە لەبەرامبەر بردنی زەویەكانیان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری هەپی سیتی پێویستە بۆ زەوی موڵك لە ١٢٪ و گرێبەست لە ٣٪ قەرەبوو دابنرێت، لەهەمان كاتدا قەرەبووی ئەو خەرجیانە بكەنەوە، كە لەسەر زەویەكانیان كردویانە وەك لێدانی بیر.

دەشڵێن: “ئەمساڵ بەهۆی كەمی باران بەرهەمیان نەبووە، بەرهەمی هاوینەشیان لەبەر جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژەیە نەبووە و بێكار بوون، بۆیە بەهۆی نەبوونی هیچ كارێك دوای بردنی زەویە كشتووكاڵیەكان دەبێت كار بۆ گەنجانی گوندەكە لەم پڕۆژەیە دابین بكرێت”.

ئەوەش دەخەنەڕوو، نابێت لەكاتێ جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە حەرەمی گوندەكەیان دەستكاری بكرێت.

چین پڕۆژەی (Happy City)ی لە هەولێر بە سەرمایەی 5 ملیار دۆلار و 8 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت، پڕۆژەكە ساڵانە توانای پێشوازیكردنی لە 14 ملیۆن گەشتیار هەیە و شوێنی مانەوەی 80 هەزار كەسی تێدا دەبێ و ناوچەكە لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و گەشتیارییەوە دەبووژێنێتەوە،هەروەها سێیەم گەورەترین پڕۆژەی وڵاتی چینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە كاتی دەست بە كاركردن تیایدا تا تەواوبوونی، پێویستی بە 8 هەزار دەستی كار هەیە و لەسەر كۆمپانیای جێبەجێكارە زۆرترین سوود لە كرێكار و كارمەند و بەڵێندەری نێو هەرێمی كوردستان وەربگرێت.

No description available.