سەردێر

مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 75 ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەی ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی و سیاسیی و یەكگرتوویی نێو ماڵی كوردستان تا هەمووان پێكەوە ئەم قەوارە سیاسییە بەڕێوە ببەین و بیپارێزین.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەڵبەت ئەم ئەزموونی حوكمڕانییە خۆماڵییەی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، بێ كەموكورتی نەبووە، بەڵام پاراستن و سەركەوتن و بەردەوامبوونی ئەم ئەزموونە، بووە هۆكاری سەرەكی داننان بە قەوارەی شەرعی هەرێمی كوردستان.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

هاونیشتیمانییانی ئازیزی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمە‌رگە قارەمانەكانی كوردستان
كادر و ئەندام و لایەنگر و دۆست و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان

حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر، پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا، دامەزراندنی پارتی بووە سەرەتای ڕەوینەوەی ئەو تەمی نائومێدییەی پاش جەنگی دووەمی جیهانی، كە ئاسمانی كوردستانی تەنیبوو، بەتایبەت كە ئەوێ ڕۆژێ زۆر لە گەلانی دنیا لە ئەنجامی ئەو جەنگە جیهانییە، گەیشتنە ئاواتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خۆیان.

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سوودوەرگرتن لە هزری ڕۆشنیی ڕابەری نەتەوە (مستەفا بارزانیی نەمر) و دەستەیەك لە دڵسۆزانی گەلەكەمان، هیوای وەبەر خەڵكی كوردستان هێنایەوە و چرای ئومێدی لە دڵی ڕۆڵەكانی كوردستاندا داگیرساندەوە و بووە مینبە‌ری كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و توانا و شیانە سیاسی و جڤاكی و كولتوورییەكان، كە كڕۆكەكەیشی خۆی لە گیانی دیموكراسی و لێبوردەیی و یەكترقبوڵكردن و سینگفراوانی و پشوودرێژی و پێكەوەژیانی نەتەوە ‌و ئاینە جیاوازەكانی كوردستاندا دەبینێتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بنەما سەرەكییەكانی ڕێبازی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی داڕشت و لەوێوە قۆناغێكی جیاواز لە بیركردنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتە ئاراوە و دنیابینییەكی نوێ لەسەرتاسەری كوردستاندا سەریهەڵدا، زەمینەیەكی ئەوتۆی سازكرد كە لە هەناوی جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و ئاینییەكانی خەڵكی كوردستاندا، ئیرادەیەكی نیشتیمانیی ئەوتۆ دروست بێت، كە هەر هاونیشتیمانییەكی كوردستان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا، هەست بە بوون و شكۆ و قەزیەداریی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی بكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لە نێوخۆی كوردستاندا یەكگرتوویی و یەكدەستیی خەڵكی كوردستانی بە بەهێزترین چەك و، ئاشتی و دیالۆگیشی لەگەڵ عێراق بە لەبارترین شێوازی گەیشتنە ڕێككەوتن و داننان بە مافەكانی گەلی كوردستان زانیووە، هەر لەم روانگەیەشەوە ، پارتی و بارزانی نەمر، پێشوازیان لە شۆڕشی چواردەی تەمموزی 1958 و دەستووری كاتیی كۆماری عێراق كرد، كە تیایدا هاتبوو (عێراق نیشتیمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە)، بەڵام كاتێك لایەنی بەرامبەر بە چەند هۆكارێكی زانراو، لەو بڕگە هەرە بنچینەییەی دەستووری كاتی پاشگەزبووەوە‌، پارتی ڕابەرایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كرد و ماوەی نۆ ساڵ لە خەباتی پێشمەرگایەتی و دانوستاندنی بەردەوامدا بوو ‌تا ڕێككەوتنی (11ی ئاداری 1970) ی لێكەوتەوە، ئەو ڕێككەوتنەی لە پاڵ ئەوەی لەناو بەندەكانیدا مافی هاونیشتیمانییانی كوردستان بە تەواوی ئاین و نەتەوە جیاوازەكانەوە چەسپێنرا، بووە یەكەمین دەستكەوتی دانپێدانراوی نیشتیمانی و نەتەوەیی كورد لە هەموو كوردستاندا، كە ناونیشانی ململانێكە و دژایەتی نەیارانی كورد و كوردستانیشی لە نكوڵیكردنی بوون و پێناسەی كورد و كوردستانەوە بۆ ململانێیەكی سیاسی گۆڕی.

پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری گەلەكۆمەكێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی ناوەڕاستی حەفتاكان و نسكۆی كاتی، دەستوبرد هەستایەوە و شۆڕشی گوڵانی بەرپاكرد و بەهەمان ڕۆحیەتی پێشمەرگانە و بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی سڕینەوەی خاكی كوردستان و قڕكردنی كورد، دەستی بە بەرەنگاریی شۆڕشگێڕانە كردەوە، دواتریش بەوپەڕی دڵسۆزیی و سنگفراوانییەوە چووە نێو قۆناغی فرەحزبی لە پرۆسەی بەرهەڵستكاری رژێمی فاشست و دیكتاتۆری عێراق، هەروەها لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان ڕۆڵیكی كاریگەر و سەرەكی بینی لە پێكهێنانی بەرەی عێراقی و كوردستانی لە پێناو یەك ریزی، هەر لە پێكهێنانی بەرەی (جود) بۆ پێشڕەوایەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بەشێوەیەكی گشتی بە كورد و عەرەبەوە و، دواتریش بەرەی كوردستانی بۆ پێشڕەوایەتی خەباتی رەوای كوردستانیان لە پێناو ماف و ئازادییەكانیان تا سەركەوتنی راپەڕینی ئاداری 1991 هەر لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری پێشكەش بە نەتەوە و نیشتمانەكەی كردووە. شایستەی ئاماژە پێكردنە كە ئەو راستیە مێژووییەش بخەینەوە یادی هاونیشتمانیانی خۆشەویست كە سەرۆك مەسعود بارزانی و پارتی دەستپێشخەری سەرەكی بوون لە گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی 5ی 1992، كە ئاكامەكەی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعیەكانی دیكە و هەنگاونان بوو بەرەو بنیاتنان و بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەی رۆشنبیریی و سیاسیی و ئابووری لە كوردستاندا.

هاوڵاتییانی ئازیزی كوردستان
ئەڵبەت ئەم ئەزموونی حوكمڕانییە خۆماڵییەی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، بێ كەموكورتی نەبووە، بەڵام پاراستن و سەركەوتن و بەردەوامبوونی ئەم ئەزموونە، بووە هۆكاری سەرەكی داننان بە قەوارەی شەرعی هەرێمی كوردستان و بە دەستووری كردنی لە دوای رووخاندنی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003 و لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ، ئەمەش دەستكەوتێكی دیكەی نیشتیمانی و مێژوویی بوو بۆ گەلی كوردستان، هەربۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی بە هەموو شێوەیەك داكۆكی لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان دەكات، هاوكات بە ئیلهاموەرگرتن لە فەلسەفەی دامەزراندنی، هەموو هەوڵێكیشی خستۆتە گەڕ بۆ یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی و سیاسیی و یەكگرتوویی نێو ماڵی كوردستان تا هەمووان پێكەوە ئەم قەوارە سیاسییە بەڕێوە ببەین و بیپارێزین و، داكۆكی لە جیاوازی و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە ‌ڕەوا و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان، بە كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشووری و، بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی، بكەین.

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ئەوە چەند ساڵێكە، بەتایبەتی بارودۆخی ئێستای دنیا و ناوچەكە و عێراق، تادێ ناسەقامگیرتر و ئاڵۆزتر دەبێت، بەشێك لەو ناسەقامگیرییە بۆ ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە دەگەڕێتەوە، كە لە هاوكێشە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا زوو زوو ڕوودەدەن، بەشێكیشی بۆ كردەوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و گروپە توندڕەو و دەمارگیرەكان و، هەروەها بۆ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەوە خراپەكانی دەگەڕێتەوە، ئەڵبەت لە هەردوو لایەنەوە، كوردستان بەشێكە لەو واقیعە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو هاوكێشە ئاڵۆز و قەیرانە هەمەجۆرانەدا بكات، ستراتیژییەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان گرنگترینە، هەوڵە هەرە لەپێشینەكانی پارتی بۆ ئەوەیە، كە هەموو تواناكانی خەڵكی كوردستان یەكبخرێن لەپێناو پاراستنی شكۆ و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان، لەم ئەركەشدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هیچ سازشێك لەسەر كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم و هیچ مافێكی گەلی كوردستان نا‌كات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەیش هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی (مادەی 140) و دەستووری عێراقدا كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ چارەسەر بكر‌ێن و، هەروەها لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێمیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا، هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە بووە، كە لەسەر بنەمای هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش پەیوەندییەكی دروستمان هەبێت و بۆ ئەمەش هەموو رێگەیەكمان گرتۆتەبەر، سەرەڕای هاوسۆزشیمان بۆ چارەسەری دیموكراسییانە و ئاشتییانەی كێشەكان لە ڕێگای دیالۆگەوە، داواشمان لە تەواوی لایەنە سیاسیەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان كردووە، كە ڕێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان، پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی و یاساكانی بگرن و بیانوو نەدەنە هیچ دەوڵەتێك سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق ببەزێنێت و زیان بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بگەیەنێت.

هاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیایە ئەگەر قوربانیدان و خۆڕاگریی خەڵكی قارەمانی كوردستان نەبوایە، ئەم دەستكەوتانە بەدەست نەدەهاتن، ئێستایش ئەگەر بە پشتیوانی ئێوەی خۆشەویست و یەكدەستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان نەبێت، هەرگیز ناتوانرێت بەرەو ڕووی گرفت و بەربەستەكان ببینەوە و كوردستان لە هەڕەشەكان بپارێزین، ئەو هەڕەشانەی دەیانەوێت كاروانی پێشڤەچوونی كوردستان و دەستكەوتەكانی ڕاگرن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتبەستوو بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە گیان لەسەر دەست و دامودەزگا ئەمنیەكان و هێزە سیاسییە دڵسۆزەكان، دڵنیاتان دەكاتەوە، كە هەرگیز لەسەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان سازش ناكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم بۆنە پیرۆز و مانادارە بە دەرفەت دەزانێت، دەستی برایەتی و هاوكاریی بۆ هەموو هێزە سیاسییەكانی عێڕاق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی درێژ بكات تا پێكەوە بە روحیەتی یەكترقبوڵكرد لەگەڵ هەبوونی جیاوازیەكانمان حوكمڕانیەكی باشی ئەم وڵاتە بكەین و لە هەموو رویەكەوە بەرەو پێشی ببەین و، دەستباری پاراستنی هەرێمی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی و دەستكەوتە مێژووییەكانی بین، بەرەو ڕووی تەحەدییاتەكان ببینەوە، چاكسازیی ڕیشەیی ئەنجام بدەین و پێكەوەش خزمەتی خەڵكە خۆشەویست و خۆڕاگركەمان بكەین.

هەڤاڵانی سەربەرزی پارتیمان

جێی خۆیەتی ئێوەی خۆڕاگر و وەفاداری پارتی و ڕێبازی بارزانی لە یادی حەفتاوپێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتاندا، زیاتر لە هەر ڕۆژێك شانازیی بە خۆتان و پارتەكەتان بكەن، ئەو پارتەی خاوەن قەزیە گەورەكەیە، ئەو پارتەی سێچارەگە سەدەیە بووەتە هەڵگری مەشخەڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و هەتا ئێستایش جێگەی متمانە و ئومێدی گەلی كوردستانە و پێشڕەوایەتی قەزیەی كورد و كوردستان دەكات ، هەر ئەم متمانەیەی، كە كوردستانییان بە پارتییان هەیە، جارێكی تر ئەو ئەركە دەخاتەوە ئەستۆمان، كە لەم یادەدا بەڵێن بۆ باوكی روحی نەتەوەییمان (مستەفا بارزانی) و (كاك ئیدریس) ی ئەندازیاری ئاشتی و سەرۆك (مەسعود بارزانی) و تێكۆشەرانی گەلەكەمان و تێكڕای شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و جەماوەری خۆشەویست نوێ بكەینەوە، كە تاهەتایە پارێزەری ئەو ئامانجانە بین، كە پارتی لە پێناویاندا دامەزراوە و ئەو دەستكەوتانەش بەگیان بپارێزین، كە بەدیهاتوون.

هەر لەم یادەدا داوا لە كادیر و ئەندام و دۆست و جەماوەری دڵسۆزی پارتی دەكەین، بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە بەشداریی بكەن لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، بەڵێ وەك هەمیشە، پارتییانە و بە دڵگەرمییەوە بەشداری بكەن و دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن، متمانەی خۆتان بە ڕێبازە پیرۆزەكەتان نوێ بكەنەوە و سەری خۆتان و پارتەكەتان لە بەردەم دۆست و دوژمن، یار و نەیاردا هێندەی دیكە بەرز بكەنەوە.

هەر لەم بۆنەیەدا داواتان لێدەكەین، بۆ پاراستنی خۆتان و خێزان و ئازیزان و كۆمەڵگەكەتان، ڕێنماییەكانی خۆپارێزی پەیڕەو بكەن، ڤاكسین وەرگرن، جێی خۆیەتی بەڕێزەوە باسی ماندووبوون و هەوڵی بەردەوامی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەكانی كوردستان بكەین و دەستخۆشیان لێ بكەین. بەوپەڕی تەقدیریشەوە یادی ئەو پزیشك و كارمەندە تەندروستییانە بكەینەوە كە لە پێناوی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی كوردستاندا، گیانی خۆیان بەخشی.

هەر لەم بۆنەیەدا، بەڵێ لە بۆنەی پیرۆز و مانادارەی 16ئابدا، سەری رێز و نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو دادەنوێنین.

سڵاو بۆ شەهیدانی هێزی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، كە بە گیانی خۆیان تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند و خاك و خەڵكی كوردستانیان پاراست.
سڵاو بۆ قارەمانییەتی ئەو پێشمەرگانەی ڕێگەیان نەدا قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر پۆستاڵی داگیركەران.
سڵاو بۆ ئافرەتانی كوردستان، بۆ ئەو شێرەژن و دایكە شەهیدانەی هەزاران قارەمان و رۆڵەی ئازایان بۆ نەتەوەكەیان پەروەردە كرد و نموونەی قوربانیین.
سڵاو بۆ قوتابیانی سەرەڕمی شۆڕش و لاوانی شورەی پۆڵاین، كە هەمیشە نموونەی زانست و خۆڕاگریی و گیانفیدایین.
سڵاو بۆ كادیر و ئەندامە خۆڕاگرەكانی پارتی، كە وێرای جوامێریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەران و ناحەزانی كوردستان، بەرگەی باری سەختی ئابووریان گرتووە و سەلماندیان شكۆی نەتەوەیی لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوەیە.
سڵاو لە كوردستانیانی تاراوگە كە هەردەم لە مەیداندابوون بۆ پاڵپشتی و بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵكی كوردستان.
شكۆدار و پیرۆز و بەرهەمدار بێت حەفتاوپێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
بژی كورد بژی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15ی ئابی 2021