سەردێر

كەی پڕۆژە یاسای بودجە دەچێتە پەڕلەمان؟

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ناتوانین پێشبینی ئەوە بكەین ئەمساڵ پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت یان نا.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی عێراق، پێویستە مانگی 10ی هەموو ساڵێك پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەڕلەمان و تاوتوێ مادەكانی بكرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە بودجەی گشتی ئەمساڵ بەهۆی كێشە نێوخۆییەكانی عێراق لەلایەك و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەكیترەوە چەند مانگێك دواكەوت، بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژارنەكان ئەگەر هەیە ئەو پڕۆژەیە ئەمساڵیش دوابخرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەكەم پڕۆژە یاسای بودجە نەنێردرێت بۆ پەڕلەمان.

وتیشی، “ئەگەر هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام نەدرێت، بابەتی ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بابەتێكی دیكەیە و ڕوون نییە”.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر ساڵێك بودجە پەسەند نەكرێت یان دوابكەوێت، دەتوانرێت یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی ڕابردوو خەرج بكرێت و وڵات بەڕێوەببرێت.