سەردێر

لیترێك بەنزین 1000 دیناری تێپەڕاند

خەڵك-ئارام سەردار

تادێت لەهەرێمی كورستان نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە و بەشێوەیەك پێشبینی دەكرێت ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵ ببێتە ٩٠٠ دینار لەكاتێكدا، ئێستا لیترێك بەنزینی سوپەر 1000 دیناری تێپەڕاندووە.

لەئێستادا یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵ لەبەنزینخانەكانی هەولێر لەنێوان بە 825 بۆ 875 دینار دەفرۆشرێت، كارمەندی بەنزیخانەیەكیش هۆكاری سەرەكی بۆ كەم بوونەوەی هاوردەی بەنزین لەئێران دەگەڕێنێتەوە.

هێمن سادق، كارمەندی یەكێك لەبەنزیخانەكانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی تر نرخی بەنزین بەرزتر بۆتەوە و بەشێوەیەك بۆ هەر لیترێكی بەنزینی نۆڕماڵ نزیكەی ٢٥ دیناری هاتۆتەسەر، هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزینیش بۆ كەمی هاوردەكردنی بەنزین لە ئێران دەگەڕێنێتەوە، جگە لەمەش بەزبوونەوەی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی هۆكارێكی ترە، لەهەمان كاتدا حكومەتی هەرێم مەرجی بۆ هێنانی بەنزین داناوە، كە نابێت ئۆكتانی لە 92 كەمتر نەبێت.

دەشڵێت: “ئێستا لەهەولێر هەندێ بەنزینخانە لیترێك بەنزینی نۆڕماڵ بە ٦٦٠ دینار دەفرۆشن، ئەمەش وایكردوە شوفێران زیاتر ڕوو لەم بەنزینخانانە بكەن، چونكە جیاوازی نرخەكە زۆرە و ئەو بەنزینەیە، كە لەناوخۆدا بەرهەم دێت و بەهەرزانتر بەم بەنزینخانانە دەدرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، داوا دەكەین حكومەت بێتە سەرخەت و ئاسانكاری زیاتر بكات بۆ هاوردەكردنی بەنزین، چونكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕوان دەكرێت لیترێك بەنزینی نۆڕماڵ ببێتە ٩٠٠ دینار.