سەردێر

دەرماڵە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتێك دەبەسترێت

خەڵك-
وەزیرێكی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا بە خەرج كردنی دەرماڵەی 30% بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتەكەی.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەلایەتی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوار شەممە، عادل ڕكابی، وەزیری كار سەرپەرشتی كۆبوونەوەی وەزارەتەكەی كردووە و تێیدا گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر كراوە، كە یەكەمیان تایبەت بووە بە دۆسیەی وەرگرتنی ئەو ژنانەی توندووتیژییان بەرامبەر كراوە لە ماڵەكانی پەنادان و دووەمیش بریتی بووە لە دەرماڵەی مەترسی پیشەیی فەرمانبەران.

وەزیری كار گفتوگۆی لەسەر پێشنیارەكانی تایبەت بە خانووەكانی حەوانەوە و پەنادانی ئەو ژنانەی توندووتیژییان بەرامبەر دەكرێت كردووە و بڕیاری داوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی بچووكراوەی فەرمانگەی یاسایی و ئەندامێتی ژمارەیەك فەرمانگەی پەیوەندیدار بۆ گۆڕانكاری كردن لە سیستمی حەوانەوە و داڵدەدان و ئەوانەی سوودمەند دەبن لێی، كە ئەو ژنانەی تەمەنیان لەنێوان (22 بۆ 55 ساڵە) وەردەگیرێن.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، وەزیری كار گفتوگۆی كردووە لەسەر میكانیزمی پێدانی دەرماڵەی مەترسی پیشەیی بە فەرمانبەران بە بڕی 30% و بڕیاری داوە ئەو دەرماڵەیە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری وەزارەتەكەی و دەستەكانی خەرج بكرێت و پارەی پێویستی بۆ دابین بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە فەرمانبەران بەشێوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە دەكەن لەگەڵ چەندین توێژی گەورە لە نەخۆشی و پەككەوتەكان، بۆیە دەبێت ڕەچاوی ئەو مەترسییە بكرێت، كە تووشی دەبن.