سەردێر

فوراتەین بۆ (خەڵك): حكومەتی ئێستا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێكهێنرا

جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا دەكاتەوە

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی فوراتەین ڕایدەگەیەنێت، بوونی حكومەت و ئەركی سەرەكی لە پێكهێنانی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریی كراوی خۆی لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕیوەبچێت.

عەلی غانمی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی فوراتەین لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”حكومەت بەرپرسە لە دۆسێی هەڵبژاردن و لە بنەڕەتیشدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێكهاتووە، بوونی سەرۆك وەزیران و ئەركی سەرەكی لەو ئامانجەدا خۆی دەبینێتەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە”.

بە وتەی غانمی:”حكومەتی ئێستا زیاتر لە ساڵ و نیوێكە بەردەوامە لە كارەكانی و پێشتر بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داوە و وادەكەی بۆ دیاریی كردووە، ئەمەش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە و ڕەزامەندی لەسەر دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە، دەربڕدراوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی فوراتەین دەڵێت:”هەر شكستخواردنێك ڕووبدات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یان هەر بانگهێشتێك بكرێت بۆ دواخستنی، لەلایەن فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە ڕەتدەكرێتەوە”.

غانمی ئاماژەی بە ئامادەیی حكومەت كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریی كراوی خۆی و تی:”هەر شكستێك یان ساتمەیەك ڕووبدات لە هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی پرۆسەكە، لە ئەستۆی حكومەتدایە، چونكە بە پلەی یەكەم حكومەت بەرپرسە و ئەركی سەرەكی ئەنجدامدانی هەڵبژاردنە و بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرا”.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە وابریاڕە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دەنگۆی ئەوە هەیە لەبەر چەند هۆكارێك كە پەیوەندییان بە ڕەوشی ئەمنی و نەبوونی كەشێكی لەبارەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێخەوش، پرۆسەكە بۆ وادەیەكی تر دوابخرێتەوە.