سەردێر

پەكەكە: سێ‌ گەریلاكەمان لەلایەن هێزێكی زۆری پارتییەوە دەستگیركراون

خەڵك-
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە چارەنوسی سێ گەریلاكانیان ئاشكرا دەكەن و دەڵێن، لە ناوچەی خەلیفان دیار نەماون و لەلایەن هێزێكی زۆری پارتییەوە دەستگیركراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویانكردەوە “ماوەیەكی زۆرە پارتی هێزێكی تایبەتی خۆی كە لە دژەتیرۆر و هێزی تایبەتی بنەماڵەی بارزانی پێكدێن، لە دەڤەری خەلیفان هەتا دەڤەری بارزان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە رێگای هاتوچۆی گەریلاكانە جێگر كردووە، بازگەیان داناوە و هەرێمەكەیان بە سەربازگە كردووە”.

هەر بە وتەی ئەو سەرچاوانە وەك میدیاكان ئاماژەیان پێدەكەن”رۆژی 26ی تەمووزی 2021، سێ گەریلا وەكو رێبوار بە ناوچەكەدا تێدەپەڕین، دیار بوو كە لە شوێنێكی دوورەوە هاتبوون و ماندوو بوون، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە گوندی بێخمە، لەلایەن هێزێكی زۆری پارتییەوە گەمارۆ دران و تەقەیان لێكرا”.

میدیاكانی نزیكە لە (پەكەكە) دەڵێن”لە بەرانبەر هێرشەكەدا گەریلاكان بەرگرییان لەخۆیان كردووە، بەڵام پارتی بە چەكی قورس بەردەوامیی بە هێرشەكەی داوە”.