سەردێر

عیراق و هەرێم، نزیكەی 10 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا

سلێمانی ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی تۆماركرد

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت 9970 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 9926 كەسیش چاكبوونەتەوە، 66 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 42 هەزار و 401 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 9970 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و سلێمانی تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2656 لە بەسرە 1060 و لە سلێمانی 908 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە” لە هەولێر 673 و لە دهۆك 488 و لە كەركوك 208 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 9926 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و زیقار بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 66 كەس بەهۆی پەتاكەوە 19 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.