سەردێر

دلێر حوسێن: مەترسی جددی بۆ سەر دانیشتووانی هەرێم هەیە

دەبێت خۆمان لەجەنگی ئاو بپارێزین

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كێشەی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدانی ئاو لەسنووی پارێزگای هەولێر لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، كەوا حكومەت هیچ پلانێكی درێژخایەنی نەبووە بۆ ئەو بابەتە، دلێر حوسێن لەچاوپێكەوتنێك لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆی هەیە لە ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی داهاتوو زێی گەورە و بچووك ووشك ببن، بۆیە ئێستاش درەنگ نیە دەست پێبكەین بەنداوی بێخمە تەواو بكرێت و چەندان بەنداو و بۆندی گەورە و بچوكی تریش دروست بكرێت.

خەڵك؛ هۆكاری كێشەی ئاو بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
دلێر حوسێن؛ كێشەی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدانی ئاو لەسنووی پارێزگای هەولێر لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، كەوا حكومەت هیچ پلانێكی درێژخایەنی نەبووە بۆ ئەو بابەتە، لەگەڵ ئەوەی هەولێر زۆر فراوان بووە بەدەیان پڕۆژەی سیتی و شووقە دروستكراون كەچی نەتوانراوە ئیدارەی باشی ئاو بكرێت و بگەیەنرێتە هەمووشوێنەكان، هەروەها لێدانی بیرێكی زۆر وایكردوە كاریگەری خراپ لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست بكات، لەكاتێكدا هەولێر لەڕووی ئاوی سەر زەوی دەوڵەمەندە و دەكەوێتە نێوان زێی گەورە و بچووك، واتە لەئاوی سەر زەوی دەمانتوانی ئاو بۆ هەولێر دابین بكرێت ئەویش بەتەواوكردنی بەنداوی بێخمە و دروستكردنی بەنداو و بۆندی بچووك بچووك بۆ ئەوەی سوود لەئاوی باران وەربگیرێت و ئاو كۆبكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم لەڕابردوو هیچ پلانێكی نەبووە بۆ كۆكردنەوەی ئاو لەكاتێكدا لە داهاتوو شەڕی ئاو لەگەڵ عیراق وەك جەنگێكی دەروونی دەكرێت و عیراقیش سوودی لەم سەرمایەی ئاو وەرنەگرتووە كە پەیوەندی بەژیانی هاووڵاتییەوە هەیە.

خەڵك؛ مەترسییەكان چین؟
دلێر حوسێن؛ بۆی هەیە لە ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی داهاتوو زێی گەورە و بچووك ووشك ببن، ئەویش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاوی ژێر زەویش دەبێت گەر بەرنامە و پلان نەبێت ساڵانە ئەو كێشەیە دووبارە دەبێتەوە، بەر لەساڵی ٢٠١٣ پارەیەكی زۆر لەبەردەستی حكومەت بوو نەتوانرا سودی لێوەربگیرێت لەپڕۆژە و پلانی درێژخایەن، عەقڵیەتی ئیدارەدانیش نەیتوانیوە بەشێوەی زانستی مامەڵە لەگەڵ سەرمایەی ئاو بكات، عیراقیش نەیتوانیوە سوود لەئاوی دیجلە و فوڕات وەربگرێت.

خەڵك؛ هیچ ساڵێك بەم شێوەیە ئاو شێلوو بووە؟
دلێر حوسێن؛ توركیاو ئێران دەیان بەنداویان دروست كردوە، ڕەنگە شێلووبوونی ئاو تەنها بەهۆی بارانەوە نەبێت، بەڵكو بەپێی هەندێ زانیاری نافەڕمی توركیا لەسەر ئەو سەرچاوە ئاویانە كاردەكات وایكردوە بەم ڕێژە زۆرە ئاو شێلووبێت، چونكە لەمێژووی شاری هەولێر تائێستا بەم شێوەیە سەرچاوەی ئاو شێلوو نەبووە ئەمەش سرووشتی نیە.

خەڵك؛ چارەسەر چیە؟
دلێر حوسێن؛ بەر لەساڵانی ١٩٩٠ پڕۆژەی بەنداوی بێخمە كە گەورەترین بەنداو بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕین، ئیدارەی كوردی لەشوێنی پەرەپێدانی پڕۆژەكە ڕێگربوون لەجێبەجێكردنی، كە بۆ تەواوی عێراق سوودی دەبوو، ئەمەش دەرخەری خراپ ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانە، ئێستاش درەنگ نیە دەست پێبكەین پڕۆژەكە تەواو بكرێت و چەندان بەنداو و بۆندی گەورە و بچوك دروست بكرێت، چونكە ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەبوونی كارەسات دەكەن لە عێراق كە سەرچاوە ئاوییەكان ووشك دەبن، لەبەرئەوە دەبێت بەعەقڵیەتێكی نوێ كاربكرێت و ئاو گل بدرێتەوە، چونكە مەترسی جدی بۆ سەر دانیشتووانی هەرێم هەیە، دەبێت خۆمان لەجەنگی ئاو بپارێزین، بەتایبەت ئێمە لە عێراق جیاوازین لەڕووی بارینی باران و بەفر و سەرچاوەی ئاو دەتوانرێت گل بدرێنەوە لەڕێگەی پڕۆژەی دروستكردنی بەنداو، كە بەداخەوە لەڕابردوو هیچ پڕۆژەیەكی دروست نەكرا كەوا ژێرخانی هەبێت، لە كوردستان و هەولێر بەتایبەت زیاتر گرنگی بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەدرا، وەكو ئەنجوومەنی پارێزگاش داوای ڕێزبەندی پڕۆژەكانمان كردووە بەپێی گرنگی بۆ هاووڵاتیان، ئەمەش پەیوەندی بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، چونكە ساڵانە كێشەی ئاو زیاتر بووە و ئەوەی چارەسەركراوە چارەسەری كاتی بوون، ئێستاش بۆ چارەسەر دەبێت پڕۆژەی ئیفراز چوار دروست بكرێت بەم شێوەیە دەتوانرێت هەندێ لەكێشەكان چارەسەر بكرێت.

خەڵك؛ دەوترێت ئەو شارانەی لەلایەن كۆمپانیاكان دروستكراون كێشەی ئاویان بۆ دروست نەبووە؟
دلێر حوسێن؛ ئەو شارانەی دروستكراون لەهەولێر جگە لەوەی كۆمپانیاكە زەوی بەخۆڕایی وەرگرتووە، باڵەخانە تەواو دەكات بەپارەیەكی زۆر دەیفرۆشێت و مانگانەش بەناوی خزمەتگوزاری پارەیەكی زۆر وەردەگرن، لەڕێگای لێدانی بیر بەشێوەی نازانستی زیانی لەحكومەت داوە، وایكردووە قوڵی بیر لە ١٠٠ مەترەوە بگاتە ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ مەتر، چونكە ڤێلا دروستكراوە بیریان هەیە دەبێت پێداچوونەوە بكرێت بەم پڕۆژانە و لەپێناو بەرژەوەندی چەند كەسێك بەرژەوەندی گشتی بخەیە مەترسی، لەبەرئەوە دەبێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئیجرائات بكرێت لەگەڵ ئەو كەسانەی بیری نایاساییان لێداوە.

خەڵك؛ لەڕابردوو پێوەر دانرا كێشەی ئاو چارەسەر بكرێت، چی لەبارەی كەرتی تایبەت دەڵێن؟
دلێر حوسێن؛ پێوەری ئاو درایە كۆمپانیا، لەجێگای چارەسەری كێشەكان كێشەكانی قوڵتر كردەوە و ئاوی هاووڵاتیان كەمتر بووەتەوە و پێوەرەكەش بەشێوەیەك نەبووە بەباشی خوێندنەوە بكات، ئێستاش حكومەت خەریكە هیچ ڕۆڵێكی خزمەتگوزاری نامێنێ بەهۆی ئەوەی ووردە ووردە كەرتە خزمەتگوزارییەكان دەداتە كەرتی تایبەت، بڕیارە مانگی ئەیلول كارەبا بدرێتە كەرتی تایبەت، ئێستاش دەوترێت كەرتی تەندروستی و پەروەردەش بدرێتە كەرتی تایبەت، ئەوكەرتەش لەبەرژەوەندی چەند كەسێك یەكلادەبێتەوە.

خەڵك؛ هەنگاوی جددی چیە بۆ ئەوەی مەترسییەكان كەم بكرێنەوە؟
دلێر حوسێن؛ درووستكردنی بەنداو لەدەسەڵاتی حكومەتی عێراقە و عێراقیش لەبەر خۆشیان بێتە پێشەوە بۆ پاراستنی خۆیان خەم لەم پرسە بخوات و پڕۆژەی سیادی دروست بكرێت و جەخت لەتەواوكردنی پڕۆژەی بەنداوی بێخمە بكاتەوە، هەرچەندە پێموایە وڵاتانی ئیقلیمی ڕێگربن لەوەی بەنداوی بێخمە دروست بكرێت، چونكە ڕەنگە كارتە فشارەكانی كە دروستكردنی بەنداوە لەنێو خاكی خۆیان بسوتێت كە بەنیازن بەرامبەر عێراق بەكاریبهێنن.