سەردێر

داعش لە سووریا و عێراق جموجۆڵەكانی زیاد دەكات

مێدیای نزیك لە ئێران: ئەمریكا، داعش دژی سوپای سوریا و عێراق بەكاردەهێنێت

خەڵك-

ئەمریكا بۆ مانەوەی لە عێراق و سووریا هاوكاری چەكدارانی داعش دەكات و دژی سوپای سووریا و عێراق بەكاریان دەهێنێت.

تۆڕی سپوتنیك بڵاویكردەوە، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی مەیادین-یان ڕاگەیاندووە، دەستەیەك لە فەرماندەكانی بەریتانیا لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە ئەمریكا ڕێبەرایەتی دەكات، لە سوریا لەگەڵ نوێنەری زیندانیانی داعش كۆبووەتەوە كە لەنێو گرتووخانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتن لە حەسەكە.
ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیانكردووە، ئامانج لە كۆبوونەوەكە گواستنەوەی ژمارەیەك لە چەكدارانی داعشە بۆ بەرەكانی جەنگ دژی سوپای عێراق و سوریا.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كۆبوونەوەكە لە گرتووخانەی ناوەندی حەسەكە لە ناوچەی “غویران”لە شاری حەسەكە ئەنجام دراوە بەشێوەیەك كە هێزە بیانییەكان لە ئاسمان و لە زەوی چاودێری كۆبوونەوەكیان كردووە.
ژمارەیەك لە دەستگیركراوەكانی داعش كە لە گرتوخانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوون بە دوو بەش دابەش گوازراونەتەوە، جاری یەكەم بە كۆپتەر و جاری دووەمیش بە ئۆتۆمبێل، ئەمەش یەكەمجار نییە و ئامانج لەم كارەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ ئەوەیە داعش دژی سوپای سوریا و عێراق بەكاربهێنێت و بیكاتە بیانوو بۆ مانەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە.