سەردێر

“تووشبووانی كۆرۆنا بە زۆر خواردنی لیمۆ و پرتەقاڵ خراپتر دەبن”

خەڵك-
هەرچەندە تاوەكو ئێستا ئەوەی باو بووە ئەوەیە، كە خواردنی میوەكان بەرگری جەستە دژی نەخۆشییەكان زیاد دەكات، بەڵام پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت: “خواردنی بڕی زۆر لیمۆ و پرتەقاڵ لە كاتی تووشبوون بە كۆرۆنا، بەرگری لەش لاواز و نەخۆشییەكەش بەهێز دەكات”.

د. زانا ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناو ئاماژەی بەوەكردووە، گرینگترین چەكی دەستی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ئەو میكرۆبانەی دەچنە ناو لەشی، كۆئەندامی بەرگرییە. ئەویش لە چەندان ئەندام و خانە و پێكهاتەی دیكە پێكدێت، كە خۆراك ڕۆڵی گرینگی هەیە لە دروست بوون و باش كاركردنیان. گرینگترین ئەو خۆراكانەی ئەو ڕۆڵەیان هەیە، دوای پڕۆتین، بریتین لە ڤیتامین و كانزاكان، كە پڕترین سەرچاوەی ئەمانەش بریتییە لە میوەكان، بۆیە ئەوەی بایی پێویست میوە نەخوات، ناتوانێت ببێتە خاوەن بەرگرییەكی بەهێز.

دەشڵێت: “ڤیتامین C یەكێكە لەوانەی بۆ بەرگریی جەستە پێویستن، بۆیە ئەو میوانەی كە دەوڵەمەندن بەو ڤیتامینە، بەتایبەت مزرەمەنییەكانی وەك لیمۆ، پرتەقاڵ … هتد سوودیان هەیە بۆ بەرگری و تەندروستی. لەو ڕوانگەیەوەیە هەندێك كەس ڕێنماییی ئەوە دەدەنە تووشبووانی كۆڕۆنا (تا پێتان دەكرێت لیمۆ و پرتەقاڵ بخۆن)، بۆیە جاری وا هەبووە نەخۆش وتوویەتی (ڕۆژانە كیلۆیەكیان لێ دەخۆم)! جا ئایا ئەمە ڕاستە و بەڕاستی سوودی هەیە یان زیان؟”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو دژەتەن و خانانەی كە كاریان ڕووبەڕووبوونەوەی میكرۆبەكانە، بە چەند كاتژمێرێك یان بە چەند ڕۆژێكی كەم دروست نابن، بۆیە ئەوە نییە ئەمڕۆ دەستت بە زۆر خواردنی میوە كرد، ئیتر هەر ئەمڕۆ یان سبەی بەرگریت فوول ببێت! ئینجا نەخۆشییەكی وەك كۆرۆنا ئەوەندە زۆر ناخایەنێت، وەك نەخۆشییەكی درێژخایەنی وەك (سیل) نییە بە مانگ بخایەنێت، تا بڵێی ئەو زۆر میوە خواردنە بەرگرییەكی وای لە دژ دروست بكات.

جەختیشی كردۆتەوە، میوە شەكری تێدایە، ئەگەرچی زۆربەی ئەو شەكرە (فڕاكتۆز)ە و كاریگەرییەكی وا خراپی نییە، بەڵام بەشێكیشی (گلووكۆز)ە، كە ئەو شەكرەیە كە شەكری خوێن بەرز دەكاتەوە و لەوانەی تووشی شەكرە دەبن زۆر بەرزە. شەكری گلووكۆزیش باشترین خۆراكە بۆ میكرۆب، هەر بۆیە بە ئاسانی ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی هەوكردن بكرێت لەو كەسانەی شەكرەیان هەیە.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەرچی زۆربەی میوەكان و لەنێویاندا لیمۆ و پرتەقاڵ، ڕیژەی شەكریان زۆر بەرز نییە، یان بە گوزارشتی زانستی بیڵێین (Glycaemic index)یان بەرز نییە، بەڵام كاتێك بە خواردنی دانەیەك و دووان دەستیان لێ بەر نادرێت، ئەوە دیسان شەكرەكەیان یان بڵێن (Glycaemic load)یان بەرز دەبێت. وەك بڵێیت: ئەگەر پرتەقاڵێك بۆ نموونە كەوچكێك چا شەكری تێدا بێت، كە زۆر نییە، بەڵام ئەگەر پێنج دانەی لێ بخورێت، پێنج كەوچك دەكات، كە زۆرە.

د. زانا ئەحمەد وتیشی، “بۆیە وا پێویستە لە كاتی تووشبوون بە كۆرۆنا و نەخۆشییە گوازراوەكانی تر و تەنانەت ڕۆژانی ئاساییشدا، میوە بە ڕێژەیەكی كەم بخورێت، باشترین شتیش ئەوەیە بە سەر سێ ژەمەكەدا دابەش بكرێت، وەك ئەوەی بەیانییان سێوێك و نیوەڕۆیان مۆزێك و ئێوارانیش پرتەقاڵێك بخورێت. لەوە زیاتر، زیانی زیاتر دەبێت لە سوود”.

دووپاتیشی كردەوە، خواردنی بڕی زۆر لیمۆ و پرتەقاڵ لە كاتی تووشبوون بە كۆرۆنا، بەرگریی لەش لاواز و نەخۆشییەكەش بەهێز دەكات.