سەردێر

لوقمان شێروانی: سەوزایی هەرێم هێندە زۆرنییە هاوسەنگی ژینگەیی ڕابگرێت

خەڵك ـ نزار جەزا

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لەدەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەزیانەكانی زۆربوونی ئۆتۆمبێل لەسەر ژینەگە و چۆنیەتی كەمكردنەوەی زیانەكان كرد و بەپێویستی زانی، ڕێژەی سەوزایی زیادبكرێت، چونكە ئەو ڕێژە سەوزاییەی كە هەیە هاوسەنگی ژینگەیی ڕاناگرێت.

لوقمان شیروانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم ڕایگەیاند،‌ سوتانی ماددە سووتێنەرەكانی وەك گاز و بەنزین بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان هۆكارێكن بۆ شێرپەنجە، لەگەڵ ئەمەشدا لەهەرێمی كوردستان هەندێك ماددەی دیكە تێكەڵ بەو ماددە سووتێنەرانە دەكرێت، بۆئەوەی لەئۆتۆمبێلەكاندا زووتر بسوتێت، بەتایبەت مادەی قوڕقوشمی تێدەكرێت، ئەمەش مادەیەكی مەترسیدارە بۆ شێرپەنجە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، سووتانی ئەم ماددە سووتێنەرانە زیانی بۆ ژینگە هەیە و ژینگە پیسدەكات، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە ڕێژەی سەوزایی زۆربكرێت و بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت كەمبكرێتەوە و پەرە بە گواستنەوەی گشتی بدرێت.

ئەوەشی باسكرد، لەدەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بەنوسراوی فەرمی لایەنی بەرپرسیان ئاگاداركردووەتەوە، كە كوالیتی بەنزین بەرزبكرێتەوە و ئەو مادە زیانبەخشانەی تێكەڵی بەنزین دەكرێن نەهێڵرێن بان كەمبكرێنەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەوهۆیەوە لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك پێكهات بۆ ئەوەی كار لەسەر كوالیتی بەنزین بكەن، بەهیوان كارەكانیان بەباشی بەڕێوەبچێت و سەربگرێت.

ناوبراو ئەوەشی باسكرد، نزیكی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بەئەوانەی تۆماركراون و ئەوانەشی وەك سەردان هاتوون لە هەرێمی كوردستان هەن، ئەگەر هەریەكێكیان ڕۆژانە چوار لیتر بەنزین یان گاز بسوتێنێت، واتە ڕۆژانە هەشت ملیۆن لیتر بەنزین و گاز دەسووتێت ئەمە جگە لە مۆلیدەكان.

ڕوونیشیكردەوە، ئەو ڕێژەیەش زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكی پێنج ملیۆن كەسە.

ئەوەشی وت: بەپێی هەندێك لێكدانەوە لەهەرێمی كوردستان لەهەر سێ كەسێك، كەسێك ئۆتۆمبێلی هەیە، كە ئەمەش پێچەوانەی ستانداردی جیهانییە، كە دەبوو لەهەر شەش یان حەوت كەسێك، كەسێك ئۆتۆمبێلی هەبووایە.

دەشڵێت: دەبێت كەمترین گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بكەینە هەواوە، ئەگەریش ئەم گازە هەبوو، باشترین چارەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزاییە، چونكە بەئەمە دەتوانرێت هاوسەنگی ڕابگیرێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەو ڕێژە سەوزاییەی ئێستا لەهەرێم هەیە بەراورد بەو ڕێژە زۆرەی ئۆتۆمبێل ئەو هاوسەنگییە ڕاناگرێت، بۆیە پێویستە ڕێژەی سەوزایی زیادبكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی هەندێك توێژینەوە باشترین ژێڕەی سەوزایی ئەوەیە كە لەسەدا سی ڕووبەری دانیشتووان سەوزایی بێت، بۆنمونە ئەگەر گەڕەكێك دە ماڵی تێدا بێت، دەبێت شوێنی سێ ماڵ سەوزایی بێت.

باسی لەئەوەشكرد، لەسنووری شارەوانییەكان كراوەتە مەرج، كە هەر خانووێك لەكاتی دروستكردنیدا دەبێت چەند دارێكی تێدا بڕوێنرێت، بەئامانجی زیادكردنی سەوزایی، بەڵام گرفتێكی دیكە هەیە، ئەویش شارەكانی هەرێم بەشێوەیەكی ژینگەیی دیزاین نەكراون.

زیاتر ڕوونیكردەوە، كاتێك شارەكانی هەرێم دیزاینكراون، لەوانەیە گرنگی ژینگە وەك ئێستا نەزانرابێت یان ژمارەی دانیشتووان زۆر نەبوون یان ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان هێندە زۆرنەبووبن، بۆیە پێویستە لەمەودوا گەڕەكەكانیش بەدیزاینی ژینگەیی دروستبكرێن.

ئەوەشی وت: هەر كارێك و پڕۆژەیەك كە دەكرێت دەبێت بەفلتەری ژینگەدا بڕوات، چونكە ئەگەر بەم فلتەرەدا نەڕوات بەپێشكەوتنی نازانین، لەبەرئەوەی ژینگە لەسەروو هەموو شتێكەوەیە و ئەگەر ژینگە پارێزراوبێت، تەندروستیشمان پارێزراودەبێت، ئەگەر ژینگە پارێزراونەبێت كارەساتی ژینگەیی لەئێستا و داهاتوو درووستدەبێت و نەخۆشییەكان زیاددەبن و كەشوهەوا گۆڕانی بەسەردادێت.