سەردێر

حكومەتی هەرێم نرخی بەنزین دادەبەزێنێت

خەڵك-

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم سەرقاڵی لابردنی گومرگ و ڕسوماتی سەر بەنزینی هاوردەیە.

هەرچەندە ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایانكرد، پاش جەژنی قوربان نرخی بەنزین دادەبەزێت، بەڵام لە بری هەرزان بوونی بەنزین جارێكی دیكە نرخی بەنزین گرانتر بوو، هۆكاری گرانبوونەكەش بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نرخی نەوتی ڕەش دەگێرنەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش نووسراویكیان بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردووە و تاكو ئێستا بە فەڕمی وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا بە فەڕمی وەڵامی نووسراوەكەمان وەرنەگرتۆتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی زارەكی وەڵامێكمان وەرگرتووە، كە ئاگاداریان كردینەوە، حكومەت لە ڕاوێژی بەردەوامدان تاكو بتوانن ئەو باج و ڕسوماتەی لەسەر سووتەمەنی دانراوە لایبەرن.

وتیشی، “تا ئێستا ئەنجامی هەوڵەكانی لابردنی باج و ڕسوماتی سەر سووتەمەنی نازانم بەكوێ گەیشتووە”.

سەبارەت بە دیاریكردنی كاتێك بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، ناوبراو ئاشكرایكرد، حكومەت كاتی لابردی باج و ڕوسوماتی دیاری نەكردووە و تەنها بە ئێمەیان ڕاگەیاند، سەرقاڵی ئەو كارەن و ڕاوێژی لەسەر دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن میكانیزمێك بدۆزنەوە، ئەوەش هەر بە پەیوەندی وەرمانگرتووە نەك بە نووسراوی فەڕمی، بەڵام دڵنیابووین، كە سەرقاڵی ئەو كارەن.