سەردێر

پارتی، سەرجەم ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئاشكراكرد

خەڵك-

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی كردنەوەی بارەگاكانی پارتین لەهەندێك ناوچەی دابڕاو و لەهەموو ئەو ناوچانەش بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەین.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، خۆمان ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردن و چاوەڕێی ڕۆژی دەنگدانین.

وتیشی، “لەهەموو ناوچە كێشەلەسەرەكان بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق دەكەین و لە مەندەلیشەوە تا شنگال كاندیدمان هەیە و سەرجەم كاندیدەكانیشمان كاری خۆیان دەكەن و خەریكی دانانی بارەگاین لە مەخمور و موسڵ، كەركوك و شوێنی تریش بۆ داهاتوو”.

سەبارەت بە گەڕانەوەی بارەگاكانیان لە كەركوك، ناوبراو ئاشكرایكرد، سەرقاڵی گفتووگۆن لەگەڵ بەغدا بۆ ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانیان.

جەختی لەوەشكردەوە، هەمووان مافی خۆ كاندیدكردن و دەنگدانیان هەیە، كەس ناتوانێت ڕێگری لەكاندیدی كەس بكات، چونكە ئەو مافە دەستورییە.

سەبارەت بە هۆكاری دانانی هۆشیار زێباری بە سەرۆكی لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردن، خەسرەو گۆران وتی، “بۆ هەموو هەڵبژاردنێك لیژنەیەكی باڵای هەڵبژاردن دروست دەكەین و كەسێك سەرپەرشتی لیژنەكە دەكات، جار هەبووە كاك فازڵ بووە، جاربووە كەسی دیكە بووە، ئەمجارە كاك هۆشیار سەرپەرشتی لیژنەكە دەكات”.